رووماڵ

سێنتکۆم: سێ مووشەکی کروز و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و وێستگەیکی زەمینی حوسییەکانمان لەناوبرد

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی چەند چەکێکیی حوسییەکانی یەمەنی لەناوبردووە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و وێستگەیەکی کۆنتڕۆڵی زەمینی و سێ مووشەکی کروزی دژە کەشتییان لەناوچەیەکی حوسییەکان لە یەمەن لەناوبردووە.

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئەوەشی ڕاگەیاند، کە ئەم چەکانە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە.

ئاشکراشیکرد، ئەم هەڵسوکەوتە مەترسیدارەی حوسییەکان بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.

دوێنێ چوارشەممە حوسییەکان ئامانجگرتنی دوو کەشتی تێکدەری ئەمەریکی و کەشتییەکی دیکەی لە دەریای سوور ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە یەحیا ساری، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە حوسییەکان، لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، بەردەوامین لەسەر هێرشەکانمان دژی زوڵم و چەوساندنەوەی گەلی فەڵەستین و وەڵامی دەستدرێژیی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی دەریایی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا، تێیدا کەشتیی "Contship Ono "یان کردە ئامانج لە دەریای سوور، بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

هەر دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، کە لە نێوان مانگی نۆڤەمبەری 2023 تا مانگی تەمموزی ڕابردوو، 170 کەشتییان پێکاوە کە پەیوەندییان بە " ئیسرائیل"ەوە هەیە.

ڕوونیشی کردەوە، ئەو کەشتیانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانیان پێکراون، 41 کەشتیی ئیسرائیلی و 72 کەشتیی ئەمەریکی و 12 کەشتیی بەریتانی بوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کراوە، "لە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەو کەشتیانەیان پێکراون کە لە دەریای سوور، دەریای عەرەبی، زەریای هیندستان و دەریای ناوەڕاست تێپەڕیون، لەگەڵ 45 کەشتیی سەر بەو کۆمپانیانەی کە پێشێلیی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتنی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی فەڵەستینی داگیر کراو".

هەروەها پێکرانی کەشتییەکانی ئیسرائیل بەم شێوەیە دابەش کراوە:

7 کەشتی لە زەریای هیندی، 6 کەشتی لە دەریای عەرەبی، 8 کەشتی لە کەنداوی عەدەن، 18 کەشتی لە دەریای سوور، 2 کەشتی لە دەریای ناوەڕاست