رووماڵ

لە ئەمەریکا هێلیکۆپتەرێکی سەربازی کەوتەخوارەوە

کاربەدەستانی سەربازیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێک لە بنکەیەکی سەربازی لە ویلایەتی ئەلابامای ئەمەریکا، ڕاهێنەرەکە مرد و راهێنراویش بەسەختی بریندار بووە.

لە بەیاننامەیەکەی سوپای ئەمەریکادا هاتووە، هەلیکۆپتەرێکی جۆری AH-64 Apache لەکاتی مەشق و ڕاهێنانە ڕۆتینییەکاندا لە بنکەی سەربازی فۆرت نۆڤۆسیل کە نزیکەی 151 کیلۆمەتر لە باشووری مۆنتگمێری پایتەختی ویلایەتەکە دوورە، کەوتۆتە خوارەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕووداوەکە بووەتە هۆی مردنی ڕاهێنەری هێلی کۆپتەرەکە، کە تەمەنی 46 ساڵە، هاوکات فڕۆکەوانێکی ڕاهێنراو بەسەختی بریندار بووە و بە فڕۆکە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

دەسەڵاتدارانی سەربازی هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە بارودۆخی ڕووداوەکە نەخستەڕوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بەردەوامە.

فۆرت نۆڤۆسایل کە پێشتر بە فۆرت ڕوکەر ناسرابوو، دامەزراوەی سەرەتایی مەشق و ڕاهێنانە بۆ فڕۆکەوانانی هێلیکۆپتەر لە سوپای ئەمەریکا.