رووماڵ

جێگرەوەی نوێی هەنییە یەکێکە لە داواکراوەکانی ئیسرائیل

بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی فەڵەستین ناسراو بە حەماس، یەحیا سینوار، سەرکردەی باڵی سەربازی و هەواڵگریی بزووتنەوەکەی بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی و شوێنگرەوەی ئیسماعیل هەنییە هەڵبژارد.

بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەڵبژاردنی سینوار بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە دوای گفتوگۆ و ڕاوێژێکی زۆری نێوان سەرکردەکانی بزووتنەوەکەدا بڕیاری لەسەر دراوە.

یەحیا ئیبراهیم سینوار دوای نسکۆی 1948 و ئاوارەبوونی خێزانەکەی لە شاری ئەشکەلۆنن لە 29ی تشرینی یەکەمی 1962 و لە کەمپی ئاوارەکانی خان یونیسی باشووری شاری غەززە لە دایکبووە و ناسراو بە ئەبو ئیبراهیم، بەڵام لە دوای هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بە ئەندازیاری هێرشەکانی حەوتی تۆکتۆبەر ناوبانگی دەرکردووە. جیا لەمەش بە پیاوی تونێلەکان ناوزەد دەکرێت.

یەحیا سینوار دەرچووی کۆلێژی خوێندنی زمانی عەرەبییە لە زانکۆی ئیسلامی غەززە و بەهۆی چالاکییەکانییەوە بۆ ماوەی 20 ساڵ زیندارنی کراوە و دووجار لە ساڵانی 1982 و 1985 لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە، هەر ئەمەش بووەتە فاکتەری ئەوەی متمانەی شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی بە دەست بێنێت و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەکە دروست بکات.

سینوار لە ساڵی 1986 لەلایەن سەرکردایەتی حەماسەوە ڕاسپێردرا بۆ دامەزراندنی دەزگای ئەمنی و هەواڵگری مەجد، ئەرکی دەزگاکەی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و ڕیشەکێشکردنی سیخوڕەکانی مۆسادی ئیسرائیل بوو لە نێو ڕیزەکانی حەماس و کەرتی غەززە. دواتر لە ساڵی 2013 بەرپرسیارێتی دۆسیەی ئەمنی و سەربازی حەماسی لە کەرتی غەززە گرتە دەست.

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 10 مانگ بەسەر شەڕی غەززە تێدەپەڕێت، هەڵبژاردنی یەحیا سینوار بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کە یەکێکە لە داواکراوەکانی ئیسرائیل، کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی دەپرسێت "سینوار کە تاوەکوو ئێستاش لە نێو تونێلەکانی غەززە خۆی حەشارداوە چۆن دەتوانێت ئەرکە دیبلۆماتییەکانی لە دانووستانەکانی ئاگربەست ڕاپەڕێنێت".

هەڵبژاردنی یەحیا سینوار بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کاتێکدایە کە هەفتەیەک بە سەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران تێدەپەڕێت.