رووماڵ

ڕۆژنامەیەک: هێرشی سەر بنکەی عەین ئەسەد بەربەست بۆ کشانەوەی ئەمەریکییەکان لە عێراق دروست دەکات

ڕۆژنامەی "زە ناشناڵ" لە زاری دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی ئەمەریکییەوە ڕایگەیاندووە، ئەو هێرشە مووشەکییەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی، ڕەنگە ببێتە ڕێگر لەبەردەم دانوستانەکان سەبارەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمە هێرشکردنە دژی بەرژەوەندییەکانی بەغدایە.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ڕۆژنامەی "زە ​​ناشناڵ"ـی ڕاگەیاند، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هێرشێکی لەو شێوەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی عێراقدا ناکۆکە، بەتایبەتی سەبارەت بە دانوستانەکان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، گوتیشی، گرنگ نییە ئاگربەستەکە پێشێل کراوە یان نا.

ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەکرێت هێرشەکە وەک وەڵامێک بێت بۆ هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە 30ـی تەمموزی 2024.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، هێرشەکە ئەو چەکدارانەی کردۆتە ئامانج کە ئەمەریکا پێی وایە هەوڵی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدەن و مەترسی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دروست دەکەن.

بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق، بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام هێزێکی زۆری ئەمەریکا و هاوپەیمانانی تێدایە، دووشەممەی ڕابردوو هێرش کرایە سەر بنکەکە و بەهۆیەوە لانیکەم پێنج سەربازی ئەمەریکا و دوو بەڵێندەر بریندار بوون.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەغدا و واشنتۆن سەرقاڵی گفتوگۆ بوون سەبارەت بە ڕێکخستنی ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام گفتوگۆکان بە خاوی بەڕێوەدەچوون.

گرووپە چەکدارەکانی عێراق چەندین جار هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر حکوومەتی عێراق نەتوانێت لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕێکبکەوێت، ئەوا هێرشەکان دەستپێدەکەنەوە.