رووماڵ

ماکرۆن داوایەک لە ناتانیاهۆ و پزیشکیان دەکات

سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "داوا لە سەرۆککۆماری ئێران دەکەین خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە بەدوور بگرن، چونکە ئەو کارانە گەلان و سەقامگیریی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە. هەروەها داواشی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، هەمان لۆژیک پەیرەو بکات، کە دەبێت هەموو لایەنەکانی ناوچەکەش بگرێتەوە".

سەرۆکایەتیی فەرەنسا ئاماژەی بەوە داوە "دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت، دەربارەی پەرەسەندنی گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان، کە بەپێی بڕیارنامەی 1701 کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لە سووتاندنی ناوچەکە".

کۆشکی ئێلیزێ جەختیشی لەوە کردەوە "شەڕی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ هەموو ئەو ناوچەیە وێرانکەر دەبێت".

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە هاوتا ئێرانییەکەی، مەسعود پزیشکیان کرد "خۆی لە تۆڵەسەندنەوە لا بدات و هەموو شتێک کە لە توانای خۆیدایە بیکات، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی سەربازی نوێ لە ناوچەکە ڕوو نەدات".

ئاماژە بەوەش کراوە "هەر ئاڵۆزیی سەربازیی نوێ لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نابێت، بە ئێرانیشەوە، هەروەها بۆ هەمیشە زیان بە سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیەنێت". بۆیە پێویستە واز لە لۆجیکی تۆڵەسەندنەوە بهێنین و دانیشتووانی مەدەنی بپارێزین.

سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، پزیشکیان بە ماکرۆن گوتووە پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستبەجێ واز لە فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل و پێشکەشکردنی پشتیوانیی بۆ ئیسرائیل بهێنن.