رووماڵ

حکوومەتی عێراق گومرگ بەسەر کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنێت

بە بڕیاری حکوومەتی عێراق، خاڵی گومرگی لە نێوان کەرکووک - هەولێر و کەرکووک - سلێمانی دانراون، هەر کۆمپانیایەک مۆڵەتی کارکردنەکەی تەنیا هەرێمی کوردستان بێت، ئەوە لەو خاڵە گومرگیانە ڕێگەی تێپەڕاندن پێ نادرێت، ئەمەش گرفتی بۆ شوفێرانی بارهەڵگر دروست کردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەشێک لە بەرهەمە خۆراکییەکان و چەندین جۆر کاڵا و پێویستی ڕۆژانەی خەڵکی.

بەهۆی بازگە گومرگییەکانی عێراق، دەیان بارهەڵگر لە بازگەی دارەمان لەسەر ڕێگەی سەرەکی کەرکووک - هەولێر ڕیزیان بەستووە و ڕاگیراون، ڕێگە بەتێپەربوونیان نادەرێت، زیاتر لە سێ ڕۆژە لە شوێنی خۆیان نە جوڵاون.

محەممەد مەیاحی کە شۆفێری بارهەڵگرە و خەڵکی ناسرییە، لە هەرێمی کوردستانەوە کەلوپەلی کارەبای بارکردووە، بەڵام لە بازگەی گومرگی دارەمان ڕێگەی پێ نادرێت تێپەڕێت.

ئەو دەڵێت:هیچ بیانوو و پاساوێکی ئەو بازگەیەم نەهێشتووە، بەڵگەی ئەوەم پیشانداون کەلوپەلەکان لە بەسرەوە هێنراونەتە عێراق، بەڵام بەهۆی ئەوەی گواستراوەتەوە هەرێمی کوردستان و ئێستا دەبێت بیگەڕێنمەوە ڕێگە نادەن، نازانم چ جیاوازییەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.

شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگرە گیرخواردووەکان دەڵێت: سێ ڕۆژە لەبەر ئەم گەرمایە گیرمان خواردووە، نووسراومان هەیە و هەموو ڕێکارێکمان تەواو کردووە، کەچی نازانم بۆ ڕێگرن و نایەڵن بارەکانمان تێپەڕینین.

دانانی ئەم خاڵە گومرگیانە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی کەرکووک و پارێزگاکانی عێراق دروست کردووە و نرخەکان بەرز بوونەتەوە.

رەشید گەزنەیی کە دوکاندارە لە یەکێک لە بازاڕەکانی سەنتەری کەرکووک دەڵێت: ڕێگە نادەن هیچ کاڵایەک بەبێ گومرگ کردن کەلوپەل و کاڵا بێنێتە کەرکووک، بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق ئەوەیە بارەکان ببرێنە مووسڵ لەوێ گومرگ بکرێن و ئەوسا بگەڕێتەوە کەرکووک، ئێستا بازگە دارەمان و ئەو بازگەیەشی لە ڕێگەی کەرکووک - سلێمانی دانراوە، بووەتە سەرچاوەی پارە خواردن.

لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە حکوومەتی عێراق ئەو خاڵە گومرگیانەی دانا، بەڵام دواتر هەڵگیران و هاتوچۆی بارهەڵگرەکان ئاسایی بوونەوە، بەڵام ئێستا دووبارە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانراوەتەوە و کورد گوتەنی "بەبێ پارەدان ڕێگە نادرێت دەرزییەکیش تێپەڕێنرێت".