رووماڵ

لە ئێران گرانکردنی نرخی نان هەرا دەنێتەوە

بڕیارێکی حکوومەتی ئێران بۆ گرانکردنی نرخی هەموو جۆرەکانی نان بە ڕێژەی 25% لە نرخی ئاسایی ناڕەزایی خەڵکی وڵاتەکەی لێکەوتووە و گومان دەکەن بڕیارەکە تەنیا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەرزی کەڵەبووی کڕینەوە گەنمی جووتیاران بێت.

جاریکی دیکە گرانبوونی نان لە پارێزگاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتیانی نیگەران کردەوە، حکوومەتی ئێران بڕیاریداوە لە 10 پارێزگا کە یەکێکیان پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە نرخی نان بە ڕێژەی 25% گران بکرێت.

هاووڵاتیان دەڵێن: گرانبوونی نان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێدا، بە پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە لە کاتی بانگەشە دەیدا.

هاووڵاتییەک دەڵێت: کاتێک نرخی نان گران دەبێت، کاریگەریی لەسەر نرخی هەموو کاڵا و کرێیەکانی دیکە دەکات. هیچ بیرێک لە گوزەرانی ئەم خەڵکە کراوەتەوە چۆن دەبێت. کاتێک سەرۆککۆمار دەرچوو بەڵێنی دا بایەخ بە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بدات، ئەمەیە بایەخدان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە نرخی نان گران بکات؟.

خانمێکی دیکەی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت:گرانکردنی نرخی نان کاریگەری زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر گرانکردنی هەموو پێداویستییەکانی دیکە، هەر لە ئێستاوە دووکاندارەکان دەڵێن مادام نان گران کراوە نرخی هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانی دیکەش گران دەکەین.

محەممەد جەلال، ڕاوێژکاری وەزیری ئابووریی ئیران لە کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی بە ئاژانسی ئیلنای ڕاگەیاندووە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئەگەرچی نرخی نان گران نەبووە و وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام کرێی شوێنی نانەواخانەکان، حەقدەستی کرێکاران، نرخی نەوت و گاز و بە گشتیی کاریگەری کردووەتە سەر گران بوونی نرخی نان، هەربۆیە هیچ چارەیەک نامێنێتەوە بۆ پاراستنی مافی خاوەن نانەواخانەکان، جگە لەوەی نرخی نان زیاد بکرێت.

خاوەنی نانەوا خانەیەکیش دەڵێت:هەر باس لە گرانبوونی نان دەکرێت، کەچی بۆ هەر شوێنێک دەچی گرانبوونی نرخەکان چەند بەرانبەر بوون و دەبێت بیرێک لە گوزەرانی ئەم خەڵکە بکرێتەوە و داهات و دەستکەوتەکانی ئێمە هێندە نییە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێریی دارایی ئێران، حکوومەتی ئێران ئەمساڵ نەیتوانیوە شایستەی دارایی جووتیاران لە کڕینەوەی گەنم خەرج بکات، کە نزیک دوو ملیار دۆلار بە جووتیارانی قەرزارە.

هەروەها لە ساڵی ڕابردووەوە حکوومەت 80%ی تێچووی ئاردی نانەواخانەکانی دابین دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بۆ دابینکردنی کردنی ئاردی نانەواخانەکانیش تووشی کورتهێنانی بودجە بووەتەوە و هەربۆیە گومان دەکرێت گرانکردنی نرخی نان، بۆ قەرەبوو کردنەوەی کورتهێنان و چۆنێتی دانەوەی قەرزی جووتیاران بێت.