رووماڵ

محەممەد قالیباف: ئێران لەگەڵ شەڕ و خوێنڕشتن نییە

نێردەی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، دەڵێت، ئاگربەستێکی بەردەوام لە غەززە لە پێشینەی کارەکانیانە و هەر ڕێککەوتنێک کە حەماس قبوڵی بکات، لەلایەن تارانەوە قبوڵ دەکرێت، ھاوكات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ شەڕ و خوێنڕشتن نییە، بەپێچەوانەوە ئێران ئاشتیخوازە و بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت.

ئیسرائیل ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و جەرگبڕی ئێران دەبێتەوە، پێویستە ئیسرائیلییەكان تابووتەكانیان ئامادە بكەن. ئەمانە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئێران بوون دوای كوژرانی ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆكی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران. تەنانەت مێدیای ئەمەریکی بڵاویان کردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی بە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی کردووە لە وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ئەمجارە ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

ئەمانە و چەندین لێدوان و ھەڕەشەی دیكەی بەرپرسانی ئێران، خەڵكی ناوچەكە و جیھانی خستە شڵەژانێكی زۆرەوە و سات بە سات چاوەڕێی شەڕێكی گەورە لە ناوچەكە دەكرا، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئێران ھیچ وەڵامێكی نەبووە و بە پێچەوانەوە، تازەترین لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی ئاماژەن بە ھێوربوونەوەی دۆخەكە.

ئەمیر سەعید ئیروانی، نێردەی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، ئاگربەستێکی بەردەوام لە غەززە لە پێشینەی کارەکانیانە و هەر ڕێککەوتنێک کە حەماس قبوڵی بکات، لەلایەن تارانەوە قبوڵ دەکرێت.

ئیروانی گوتیشی: وەڵامدانەوەی ھێرشەكانی ئیسرائیل و بەزاندنی سەروەری خاكی ئێران بە مافی شەرعی خۆمان دەزانین، بەڵام هیوادارین وەڵامدانەوەمان لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەک بێت کە زیان بە ئاگربەستی ئەگەری نەگەیەنێت.

ھاوكات، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ شەڕ و خوێنڕشتن نییە، بەپێچەوانەوە ئێران ئاشتیخوازە و بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئامانجەكانیان لە ڕێگەی دانوستانەوە بەدی بێت، ئەوا دانوستان دەکەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران، دووپاتیشی كردەوە، دانوستان ئامرازێكە بۆ خەبات، دەبێت لەپێناو پاراستنی پرەنسیپی شانازی و كەرامەت بێت، نەک بۆ زەلیل بوون و پاشەکشە لە ماف و پرەنسیپەکان.