رووماڵ

دیندار زێباری: لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی لە جنێڤ بەشداریی دەکەین

نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی لە جنێڤ
نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی لە جنێڤ

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەچوارچێوەی شاندێکی حکوومەتی فیدراڵی، بەشداریی گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی لە جنێڤ دەکەن.

بڕیارە ڕۆژانی (14-15)ی ئابی 2024لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گفتوگۆی هەردوو راپۆرتی خولیی (26 و 27)ی کۆماری عێراق تایبەت بە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی رەگەزپەرستی ئەنجام بدرێت، لەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرپەرشتی خالید شوانی وەزیری دادی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی فیدراڵی بەشداریی دەکات.

شەممە 10ـی ئابی 2024، دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەشداریی کردنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوی هەماهەنگیی لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەو رێککەوتننامە و پەیماننامانەی پەیوەستن بە مافی مرۆڤ لە حکوومەتی فیدراڵە، بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستانە بەو رێککەوتننامانە. 

ئەوەشی خستەڕوو کە شاندی حکومەتی هەرێم تێبینییەکانی خۆی پێشکەش دەکات لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر  ئەو  یاسا و رێنمایی و هەنگاوە کرداریانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت تایبەت بە جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەوانەش بابەتی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری رەگەزپەرستی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بەشداریی کردنی حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەدا دەروازەیەکە بۆ ئەوەی بتوانێت پابەندبوونی خۆی بە پرەنسیپ و ڕاسپاردەکان بگەیەنێتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بارەگا سەرەکییەکانی (UN) لەوانە جنێڤ. 

زێباری ڕایگەیاند: لەم کۆبوونەوانەدا تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) کە بەشێکی تایبەتە بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەواوی جۆرەکانی جیاکاریی ڕەگەزپەرستی.

شایەنی باسە کارەکانی (113)هەمین خولی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریی ڕەگەزپەرستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی 5 تا 23ی ئاب لە جنێڤ بەڕیوەدەچێت.