پۆلیسی هەولێر ئافرەتێکی جادووگەر دەستگیر دەکات

ئافرەتە جادووگەرەکە
ئافرەتە جادووگەرەکە

پۆلیسی هەولێر ئافرەتێکی جادووگەر دەستگیر دەکات و داوا لە ئافرەتان دەکات، بۆ ئەوەی نەکەونە داوی فێڵی ئەو جادووگەرانە، پەیوەندییان پێوە بکەن.

یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، پۆلیسی هەولێر بە پەیامنێری کوردستان24 هێرۆ مەولودی ڕاگەیاند: کچێکی قوتابی زانکۆ لە هەولێر هەواڵیانی پێداوە لەوەی کەوتووەتە داوی ئافرەتێکی جادووگەر و فێڵباز کە بەفێڵ50 ملیۆن دیناری لێ سەندووە بۆ ئەوەی دڵی کوڕێکی بۆ ڕازی بکات کە خۆشی ویستووە.

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئەو کچە قوتابییە لەڕێگەی هاوڕێکانی لە زانکۆ بەو ئافرەتە جادووگەرە ئاشنا بووە، بەپێی زانیارییەکان، کچە قوتابییەکە و جادووگەرەکە خەڵکی بەغدان، قوتابییەکە بۆ ئەوەی مرازی دڵی حاسڵ بێت، 50 ملیۆن دینارەکەی لە باوکی دزیوە و داویەتیە جادووگەرەکە، کە زانیویەتی جادووەکە تەنها فێڵ بووە لێی کراوە، پۆلیسی هەولێری لێ ئاگەدار کردووەتەوە، دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە چاودێریی کردنی، ئافرەتەکە جادووگەرەکە لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکرا و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیدا گیرا کە بۆ جادووەکانی بەکاری دەهێنا.

بە پێی سکاڵای کچە قوتابییەکە کە لە پۆلیسی هەولێر تۆماری کردووە، ئافرەتە جادووگەرەکە هەڕەشەی لێکردووە لەوەی هەواڵ بە پۆلیس بدات، پۆلیسی هەولێریش دەڵێت: بۆ ئەوەی ئافرەتان نەکەونە داوی فێڵبازەکان و ژێر هەڕەشەیان، لەگەڵ ئەوانەی لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە هەڕەشەیان لێدەکەن، پەیوەندی بکەن بە ژمارە 07508088080.