ئومێد خۆشناو: دەسەڵاتێک کە خۆی لە سەرەوەی دادگا دەبینێت پشتیوانی تیرۆرکردنی هاوکار جافی کردووە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر لە ساڵیادی تیرۆرکردنی هاوکار جافدا ڕایدەگەیەنێت: دەسەڵاتێک کە خۆی لە سەرەوەی دادگا دەبینێت پشتیوانی تیرۆرکردنی هاوکار جافی کردووە.

دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ساڵیادی تیرۆرکردنی هاوکار جافدا لە کۆنگەرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی:  هاوبەشی خەمی خانەوادەی هاوکار جافین، خوای گەورە بکەرانی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕیسوا دەکات، دڵی خانەوادەکەشی بەوە سوکنایی دێت بکەرانی تاوانی کوشتنی هاوکار جاف ئاشکرا بوون، دان پێدانانی بەشێک لە بکەرانی ئەو تاوانە لەڕێگەی دەزگاکانی میدیاوە بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتی:  بەشێک لە بکەرانی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لەلایەن دامەزراوەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە ئاشکرا کران، ئێستا داواکاریی ئەو خانەوادەیە داوایەکی ڕەوایە بۆ ئەوەی بکەرانی تاوانەکە بخرێنە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی یەکلا بێتەوە کە سزای ئەو تاوانە گەورەیە چییە، دڵی خانەوادەکە ئاسوودە دەبێت و ئێمەش پشتیوانیی لە داواکەیان دەکەین. 

دەشڵێت: بە بەرچاوی نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانی وڵاتان لە شاری هەولێر، ئاسایش و ئارامی هەولێر بە ئامانج گیرا، دەسەڵاتێک خۆی پێ گەورەترە لە دامەزراوەکانی یاسادانان و دادوەری، لە پشتی تاوانی تیرۆرکردنی هاوکار جافن، کەسێکی ئاسایی ئەگەر هێزێکی گەورەی لە پشت نەبێت، ناتوانێت لە دەست دادگا ڕا بکات.

دوو ساڵ لەمەوبەر لە یەکێ لە گەڕەکاکانی شاری هەولێر، بە بۆمبی چێندراو کە بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کردبوو، تیرۆریستان هاوکار جاف و خانەوادەکەیان بە ئامانج گرت کە تێیدا هاوکار جاف بە بەرچاوی منداڵەکانی گیانی لەدەستدا.