کام یانە بۆ یەکەمجار لە مێژوو یاریزانی گواستەوە ریزەکانی؟

ئاستۆن ڤیلا - ویست برۆمیچ
ئاستۆن ڤیلا - ویست برۆمیچ


چەندان ساڵە تۆپی پێ بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی ژیان بۆ یاریزانانەکانی جیهان، بە تایبەت ئەو یاریزانانەی لە چینێکی هەژارن و دیارترین نمونەش لە ئەمریکای لاتین و هەروەها کیشوەری ئەفریقیا و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهان.
سەرەتا لە ساڵی 1888 بوو کاتێک قوماش فرۆشێکی سکۆتلەندی بە ناوی ویلیام مەک گرێگۆر، بڕیاریدا یەکەم خول لە مێژوو لە بەریتانیا پێکبهێنێت، سەرەتا خولەکە بۆ کات بەسەر بردن بوو، بەڵام دواتر بووە خەزێنەیەکی گەورە بۆ یاریزانەکان و ساڵ لە دوای ساڵ، خەڵکی زیاتر روویان لەو خولە کرد.
لەگەڵ دروستبوونی یەکەم خولی تۆپی پێ سەرەتا پیاوان لە زانکۆکانی بەریتانیا روویان لەو خولە کرد، پاشان شوێنی تایبەت بە هاندەرانیش دروستکرا و خەڵکیش بۆ بینینی یارییەکان، روویان لە یاریگاکان کرد و پارەیەکی کەمیان لێوەردەگیرا.
ساڵ لە دوای ساڵ تۆپی پێ بەرەپێشچونێکی باشی بەخۆیەوە بینی و دوای پێنج ساڵ دامەزرێنەرەکانی یەکەم خولی تۆپی پێ لە بەریتانیا، لە ساڵی 1893 یەکەم یاریزانیان گواستەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، تەنها 100 پاوەندیان لە گواستنەوەی یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ خەرجکرد.
یەکەم یانەی وەرزشی تۆپی پێ کە یاریزانێکی بەرامبەر پارەیەکی کەم گواستەوە ریزەکانی، یانەی ئاستۆن ڤیلای بەریتانیا بوو، لە ساڵی 1893 واتە نزیکەی 131 ساڵ لەمەوبەر، ئەو یانەیە بەرامبەر تەنها 100 پاوەند، ویلی گرووز یاریزانی یانەی وێست برۆمویچ گواستەوە ریزەکانی.
دوای گواستنەوەی یەکەم یاریزانە لە مێژوو، هێدی هێدی خەڵکی روویان لە وەرزشی تۆپی پێ کرد و زۆربەی ئەوانەی لەو ساڵانەی سەرەتا وەکو یاریزان دەرکەوتن، چینی کرێکار بوون، ئەوان بەردەوام لەلایەن یانەکانەوە هاندەدران بۆ ئەوەی راهێنانی باش بکەن و تواناکانی خۆیان بسەلمێنن.
لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە نزیکەی 131 ساڵ تێدەپەڕێت، پارەیەکی خەیاڵی لە جیهانی وەرزشی بە گشتی و تۆپی پێ بە تایبەت خەرج دەکرێت، بە جۆرێک یاریی تۆپی پێ بووەتە یەکێک لە گەورەترین بازرگانییەکانی جیهان و لە دوای نەوت و زیڕ، لە پلەی سێیەم دێت و ساڵانە ملیارەها دۆلار لەلایەن یانەکانەوە خەرج دەکرێت.