ئەمەریکا لە ڕێگەی سوودانییەوە پەیامێکی بۆ گرووپە چەکدارەکان ناردووە

گرووپە چەکدارەکانی عێراق
گرووپە چەکدارەکانی عێراق

دوای هێرشکردنە سەر بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ئەمەریکا پەیامی توندی بۆ گرووپە چەکدارە عێراقییەکان نارد.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویان کردووەتەوە، دوای هێرشی سەر بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا مووشەکی جۆری کاتیۆشا، ئەمەریکا لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە پەیامێکی توندی ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کردووە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەمەریکا هەڕەشەی لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کردووە، لە ئەگەری بەردەوامبوونیان لەسەر ئەو کارانە سەرکردە و بەرژوەندییە بازرگانییەکانیان دەکاتە ئامانج.

ئەمەریکا ئەو گرووپانەی ئاگادار کردووەتەوە، لە ئەگەری فراوانکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل، گرووپەکان و سەرکردە باڵاکانیان رووبەڕووی "چارەنووسێکی قورس" دەبنەوە.

سەرەتای ئەم مانگە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە سێ مووشەکی جۆری کاتیۆشا، هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی ڤێکتۆریای هێزەکانی ئەمەریکا، کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.

لەلایەکی دیکەوە، گرووپە چەکدارەکان ناو بە ناو بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل؛ بەم دواییانە بە چەند درۆنێک هێرشیان کردە سەر بەرزاییەکانی جۆلان و لە ئەنجامدا دوو سەربازیی ئیسرائیلی کوژران.