سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمساڵدا چی بۆ پارێزگای هەڵەبجە کردووە؟

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار مانگدا، دووجار بۆ دانانی بەردی بناخەی دوو پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی، سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات و جەخت لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی پارێزگاکە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هەڵەبجەییەکان دەکاتەوە.

دوای دانانی بەردی بناخەی پردی تووەقوت و سایلۆی هەڵەبجە لە ماوەی چوار مانگدا، لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندەدات بە پارێزگای هەڵەبجە، کە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ بە فەرمی ناساندن و مامەڵەکردنی وەک پارێزگا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدڕاڵەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت".

ڕێزگرتن لە قوربانیدانەکانی هەڵەبجەییەکان و گەشەپێدانی ناوچەکە کە بەهۆی ئەو ستەمەی هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق لە هەڵەبجە کراوە، بەشێکی دیکەی خەمەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە و لە هەموو بۆنەکانی پەیوەست بە هەڵەبجە، جەختی لەوە کردووەتەوە: "هەرچی لەسەر حکوومەت بێت لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە، درێخی ناكەین".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڵێنەکانی بۆ ‌‌هەڵەبجە جێبەجێ کرد

ڕۆژی (30ـی حوزەیرانی 2024) لە دووەم سەردانیدا لە ماوەی چوار مانگ بۆ پارێزگای هەڵەبجە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجەی بە گوژمەی زیاتر لە 27 ملیار و 203 ملیۆن دینار دانا کە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.

پێشتریش لە ڕۆژی (22ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سه‌ردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و بڕیاریدا‌ ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی گرنگیی خزمه‌تگوزاری له‌ شاره‌كه‌دا‌ جێبه‌جێ بكرێن. دواتر بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و له‌گه‌ڵ پارێزگار و سه‌رۆكی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆبووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیاندا جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی تاوتوێ كرد و ده‌موده‌ست پرۆژه‌ی ماسته‌رپلانی هه‌ڵه‌بجه‌ گوژمه‌ی بۆ ته‌رخان كرا لەسەر ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە (25ـی ئاداری 2024) و ئێستا له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردایه‌.

لەو سەردانەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوتی دانا کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ درێژییەکەی نزیکەی 350 مەتر دەبێت و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار چووە واری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی (27ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی ئەو پارێزگایە تەرخانکرا‌، بەشێوەیەک بڕی شەش ملیار و 660 ملیۆن دینار‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌ و بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، هەروەها‌ بڕی له‌ 3 ملیار و 392 ملیۆن دیناریش‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی ئاسایی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ پرۆژه‌كانی دیکەی پارێزگا‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوژمه‌یه‌كی دیکەی به‌ بڕی 557 ملیۆن دینار‌ ته‌رخانكرد‌ و ڕاسته‌وخۆ درایه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی دوو پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی قیرتاوكردنی شه‌قامێكی گرنگ و سه‌وزایی‌ له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه كه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و پرۆژانه‌ له‌لایه‌ن شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن.

ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد و شاندەکە سوپاسیان کرد کە لە دوا سەردانیدا بۆ هەڵەبجە، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش ڕایگەیاند: خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە، وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەرچی لە تواناماندا بێت، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە دەیکەین.

لەمساڵدا چیتر بۆ ‌هەڵەبجە کراوە

لە دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە شوباتی 2024، چەندین بڕیاری دیکە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە و بە‌هێزکردنی ژێرخانی پارێزگاکە و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە و بەرەوپێشبردنی پارێزگای هەڵەبجە لە سێکتەرە جیاوازەکان، دەرکران و هەندێکیان جێبەجێ کران و بەشێکیشیان لە جێبەجێکردندان.

لەو بڕیار و پرۆژانەی بۆ هەڵەبجە دەکراوە و لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، تەرخانکردنی 400 دۆنم زه‌وی بۆ دروستكردنی شاری پیشه‌سازیی هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ ناوچەکە زیاتر له‌ سێ كیلۆمه‌تر و نیو له‌ سه‌نته‌ری هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دووره‌. دەرکردنی سێ بڕیاری گرنگ لە بواری وەبەرهێنان لەوانەش؛ ڕاسپاردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە هەماهەنگیی دەستەی وەبەرهێنان بە ئامادەکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە پارێزگای هەڵەبجە و دیاریکردنی ئەو زەوییانەی بۆ پرۆژە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێندرێت و دەستهەڵگرتن لەو زەوییانەی کە بەردەڵانن بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی دیکە.

دوای ئەوەی لە (22ـی شوباتی 2024) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی تۆماری تابلۆی ئۆتۆمبێل بە کۆدی ژمارە (23)ـی پارێزگای هەڵەبجە کرایەوە و یەکەم تابلۆی ژمارە هەڵەبجە بە ژمارە (10000 A23) وەك دیاری پێشکەش بە هاووڵاتی (ئومێد محەممەد عەلی) نوێنەری بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە کرا، لە (17ـی ئاداری 2024)ـەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە، دەستی بە دابەشکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل کرد.

هاوکات کردنەوەی نەخۆشخانەی بیارە کە ڕۆژی (10ـی ئاداری 2024) بە فەرمی کرایەوە بە گوژمەی یەک ملیار دینار ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ دابین کراوە، لەگەڵ دابینکردنی ئەمبوڵانس و کارگەی ئۆکسجین بە گوژمەی 385 ملیۆن دینار لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەندروستی، بڕیارە کۆلێژی پزیشکیی لە زانکۆی هەڵەبجە بکرێتەوە و وەک قۆناغی یەکەمیش گوژمەی 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و دوای تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان، چاوەڕێ دەکرێت ساڵی داهاتوو قوتابییان لەو کۆلێژە دەست بە خوێندن بکەن.

دامەزراندنی 500 کەس بەگرێبەست لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە، کردنەوەی چەند پرۆژەیەکی دیکەی تەندروستی، پەروەردەیی و کشتوکاڵی لە هەڵەبجە، بەشێکی دیکەن لە خزمەتەکان بۆ هەڵەبجە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایی 2023؛ بڕیار بۆ جێبەجێکردنی 132 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە کە پرۆژەكان بەسەر چەند سێكتەری جیاوازدا دابەشبوون، کە بریتین لە پرۆژەکانی (رێگابان و گواستنەوە، ئاو و ئاوەڕۆ، پەروەردە، ژێرخان و خزمەتگوزاری، حكوومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی، كشتوكاڵ، بەرهەمهێنانی وزە، تەندروستی، گەشتوگوزار، بانك و خزمەتگوزاری دارایی).

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خورماڵی کردە قەزا

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ڕۆژی (30ـی حوزەیرانی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی قەزای خورماڵی کرد و خەڵكی قەزاکە، "کوڵەباڵی هەورامان و کڵاشی"ـیان بە دیاریی پێشکەشی سەرۆکوەزیران کرد لە پای هەوڵەکانی بۆ بە قەزاکردنی خورماڵ و ئەو بڕیارانەی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ خزمەتکردنی خەڵكی ناوچەکە دەری کردوون.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نووسی: بۆ خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان: سوپاس بۆ پێشوازیی گەرم و میوانداری و فەرەنجییە جوانەکەشتان.

لە (30ـی تەمموزی 2023) لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە ڕێکارە کارگێڕییەکانی هێنانە کایەی قەزای خورماڵ کرد بە هەمان سنووری خۆی کەناحیە بوو.

خورماڵ دەکەوێتە باکووری پارێزگای هەڵەبجە و 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەڵەبجە و 70 کیلۆمەتریش لە ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی خورماڵ زیاتر لە 22 هەزار کەسە و 46 گوند لەخۆ دەگرێت.

لە (9ـی ئایاری 2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فەرمانی هەرێمیی بۆ هێنانه‌كايه‌ى قه‌زاى خورماڵ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ دەرکرد.

پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە

له‌ کانوونی دووەمی 2013، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە پشتبەستن بە ماددەکانی 61 و 80 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و دوای وەرگرتنی سنووری کارگێڕیی پارێزگاکە و ناردنی پڕۆژه‌یاساکەی بۆ پەرلەمانی کوردستان؛ پرۆژەیاسای بە پارێزگاکری هەڵەبجەی بە نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی ئه‌وكاتی عێراق کرد. هەروەها له‌ 5ـی شوباتی 2015 په‌رله‌مانی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ پڕۆژه‌یاسای به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی په‌سه‌ندكرد.

دوای گێڕانەوەی جارێک لە پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، جارێکی دیکە لە 13ـی ئاداری 2023 حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەندکرد و بڕیاریدا پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمان بکاتەوە بە مەبەستی پەسەندکردن.

پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە لە هۆکاری دەرکردنی یاساکەش نووسراوە، "بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بەهۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی، مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیایی رژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بۆ سەر شارەکە کەوتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا".

لە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا هاتووە، "هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای 19ـیەمینی عێراق و لە سنووری ئیداری هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە".

لە ماددەی دووەمی پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی عێراق، سنووری ئیداری و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان دەکەن.

هەروەها پرۆژەیاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی یاساکە بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

پارێزگای هەڵەبجە

پارێزگاى هەڵەبجە دەکەوێتە باشوورى ڕۆژهەڵاتی شارى سلێمانییەوە، لە 156 گوند و ناحیەکانی سیروان، بیارە، بەمۆ و قەزاکانی ناوەندی هەڵەبجە و خورماڵ پێکهاتووە، ڕووبەری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە هەزار و 600 كیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 250 هەزار كەسە. هەڵەبجە لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا، ئێستا چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان و 19ـەیەمین پارێزگای عێراقە.

لە (16ـى ئادارى 1988) لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، بە چەکی کیمیایى هێرشی کراوەتەسەر و پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان سپارد و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و پەککەوتە بوون، کەچی تائێستا لەلایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە، لە هەموو بوارەکانی مرۆیی، سیاسی، یاسایی، تەندروستی و ئاوەدانیدا، قەرەبووی دانیشتووانەکە و شارەکە نەکراوەتەوە.

لە دانیشتنی ڕۆژی (22ـی ئایاری 2024)ـی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە چوارچێوەی یاسای پشووە فەرمییەکان، لە سەرانسەری عێراق کرایە پشووی فەرمی.