ئافرەتان باشتر شۆفێریی دەکەن

ساڵ بەساڵ ژمارەی شۆفێرانی ئافرەتان لە شار و سارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت. ‌لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش چەندین نوسینگە هەن كە تایبەتن بە فێربوونی شۆفێریی، هەروەها ڕێژەیەكی بەرچاوی ئەو كەسانەی سەردانی نووسینگەكانی ڕاهێنانی شۆفێریی دەكەن، ئافرەتانن.

شەقامە قەرەباڵغەكان و بوونی دیمەنكی زۆری ئافرەتانی شۆفێریش لە ناو شەقامە سەرەكییەكان، دەرخەری ئەو پێشكەوتنەن كە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان پێی گەیشتوون. زۆربوونی نووسینەكانی  فێربوونی شۆفێریش هەمەهانگ بووە، تاكوو خانمان بەڕێژەیەكی زۆر فێری شۆفێری ببن و بتوانن بۆ ڕایكردنی كارەكەنیان ئۆتۆمبێلی خۆیان بەكار بهێنن.

شلێر، سەرپەرشتیی یەكێك لە نوسینگەكانی شۆفێرییە، زۆرینەی ئەو كەسانەی سەردانی نووسینگەكەی دەكەن خانمانن، گلەیشی لە شۆفێرانی پیاوانیش هەیە، كە ڕۆژانە توانجی زۆر لە كاتی شۆفێریی و لە ناو شەقامەكان لە شۆفێرانی خانمان دەدەن.

 شلێر غەریب، ڕاهێنەری شۆفێرییە و بە کوردستان24ـی گوت: پێشتر، زۆر توانج لە شؤفێری ئافرەت دەدرا، بەڵام ئێستا ئەوانەی هێڵ و هێماکانی هاتوچۆ ئەپارێزن هەر ئافرەتانن، بۆیە ئێستا پێچەوانە بووەتەوە ئەوەی ناشرین ئۆتۆمبێل لێ ئەخوڕێت ئەڵێن ئەوە پیاوە، چونکە ئافرەتان یاسا ئەپارێزن و حەزیان لە سەرپێچی نییە.

لەناو بەڕێوبەرایەتیی هاتۆچۆی سلێمانیش زۆرینەی ئەو سەرپێچیانەی تۆماركراون لەلایەن شۆفێرانی پیاوەوە کراون. هەندێک کەس هۆکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ژمارەی شۆفێرانی خانمان كەمترە بە بەراورد بە شۆفێرانی پیاوان.

 بەختیار محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: خانمان کەمتر سەرپێچی و سەرکێشیی دەکەن، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکان ڕەگەزی نێر زیاتر سەرپێچی دەکەن، بەڵام خانمان هێمنانەتر شۆفێریی دەکەن.

ئاماری ڕووداوەكانی هاتوچۆی ساڵی 2023 لە پارێزگای سلێمانی بەم جۆرە بوون، 153 كە بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ گیانیان سپاردووە، لەو ژمارەیە 130 لە ڕەگەزی نێر بووە 23 كەسیش لە ڕەگەزی مێ‌، هەروەها 3887 كەسیش بە هۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ برینداربوون كە 3124 لە ڕەگەزی نێر بووە 763 لە ڕەگەزی مێ‌.