بە تەمەنترین ئافرەتی جیهان لە 117 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

ماریا برانیاس مۆرێرا لە تەمەنی 117 ساڵێدا کۆچی دوایی کرد
ماریا برانیاس مۆرێرا لە تەمەنی 117 ساڵێدا کۆچی دوایی کرد

هەواڵی کۆچی دوایی ماریا برانیاس مۆرێرای تەمەن 117، کە خەڵکی ئیسپانیایە وەک بە تەمەنترین ئافرەتی جیهان، مێدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی تەنیوە.

خانەوادەی ماریا برانیاس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هەواڵی مردنەکەیان بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەیان داوە "ماریا هەردوو جەنگیی یەکەم و دووەمی جیهانی و شەڕی ناوخۆی ئیسپانیای بینیوە و بڵابوونەوەی چەند پەتایەکی تێپەڕاندووە".

خانەوادەکەی نووسیویانە: دواجار ماریا لە ژووری نووستنەکەیدا بەبێ هیچ ئازارێک لەنێو پێخەفەکەیدا ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئابی 2024، گیانی سپاردووە.

ئەم ئافرەتە ئیسپانییە لە دوای کۆچیی دوایی لوسێل ڕاندۆنی 118 ساڵ لە 17ی کانوونی دووەمی 2023 لە خانەیەکی بەساڵاچووان لە فەرەنسا، بە گوێرەی کتێبی پێوانە جیهانییەکان بە تەمەندرێژترین مرۆڤی جیهان ناسێندرا.

هەروەها سەلامەتیی و تەندروستی ماریا برانیاس لە ئایاری 2020 بووە سەردێر و مانشێتی مێدیا جیهانییەکان بەبۆنەی ئەوەی توانی بەر لە دابینکردنی ڤاکسین، پەتای کۆرۆنا (COVID-19) تێپەڕێنێت، لە کاتێکدا ئیسپانیا لە ئاستی ئەورووپادا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەهۆی ئەو پەتایەوە پێ کەوت.

برانیاس، لە سان فرانسیسکۆ لە 4ی نیسانی 1907 لە دایکبووە و دوای ساڵێک خانەوادەکەی لە ئیسپانیاوە بەرەو ئەمەریکا کۆچیان کردووە، دواتر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووخانەوادەکەی چوونەتە تەکساس و نیو ئۆرلیانز، هەروەها باوکی ماریا دامەزرێنەری گۆڤاری Mercurio بووە، کە بەر لە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا لە کالیفۆرنیاوە بە زمانی ئیسپانی چاپ و پەخشی دەکرد.