ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکرێت
K24 – هەولێر:
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون کار بۆ ئاسانكاریکردن لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە پڕۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە 4ـی ئابی 2024، كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەگەڵ عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بەرپرسانی وەزارەت و فەرمانگەکە کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێك لەبارەی پێداچوونەوە بە پرۆسەی دەستەبەری کرێکاران له بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر / بەرێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێشکەشکرا کە لە لایەن بەرێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری وەزارەتی کار بە هەماهەنگی و هاوكاری لێژنەی باڵای دڵنیایی جۆری لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئامادەکرابوو.
ئامانج لەو ڕاپۆرتە، ڕێكخستنەوە و كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆ و ئاسانكارییە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و لە کۆبوونەوەکەدا، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکە، گفتوگۆ و بیروڕای لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا و هۆکار و ڕاسپاردەکانیش خرانەڕوو.