لافاو زیانێکی زۆری ماددی بە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن دەگەیەنێت

لافاو چەند ناوچەیەکی یەمەن ڕادەماڵێت

لافاو لە پارێزگای تەعز - یەمەن
لافاو لە پارێزگای تەعز - یەمەن

بەهۆی شەپۆلە بارانێکی بەخوڕ لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، لافاو زیانێکی زۆری بە موڵک و ماڵی خەڵک و دامەزراوە فەرمییەکانی شاری مەقبەنەی سنووری پارێزگای تەعز گەیاندووە.

بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆیی یەمەن، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی دوێنێ هەینی سنووری پارێزگای تەعزی گرتووەتەوە، لافاو هەستاوە و زیاتر لە 10 خانووی لە هەردوو گوندی شەمیر و میرابی سەر بە شاری مەقبەنەی ڕووخاندووە و زیانیشی بە چەندین باخی خورما، کێڵگەی کشتوکاڵی و دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت و دەیان ئوتۆمبێل گەیاندووە.

هەروا لافاوەکە لە شاری مەقبەنە مزگەوتی هەیجە عۆجای وێرانکردووە و گۆڕستانێکی ڕاماڵیوە و قوڕو لیتەیەکی زۆری بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی چەند گوندێکی دەوروبەری شارەکە بڵاوکردووەتەوە کە لە هەندێک ناوچە تاشە بەردیشی کەڵەکە کردووە و بەهۆیەوە چەندین پردی پەڕینەوە ڕووخاون و ڕێگەی سەرەکیش داخراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەشناسیی، ئەو بارانەی لە ناوچەکانی باکووری تەعز دایکردووە 125 ملم بووە و بووەتە هۆی هەستانی لافاوێکی وێرانکەر.