کارزان هادی: شەقامی هەولێر - گەزنە لە ماوەیەکی پێوانەیی تەواو دەکرێت

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: کارەکانی دروستکردنی شەقامی دوو سایدی هەولێر - گەزنە، بەشێوەیەکی باش بەڕێودەچێت و لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو دەکرێت کە لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆیی جێبەجێ دەکرێت و ڕەچاوی ستانداردە ئەندازیارییە جیهانییەکان کراوە.

4ـی ئابی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 6:00ـی کوردستان24 بە سنوور ئالانی ڕاگەیاند: بە تەواوبوونی شەقامی دوو سایدی هەولێر – گەزنە، تەواوی ڕێگەی نێوان هەولێر و دهۆک دەبێتە دوو ساید و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکات.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو، دوای ئەوەش ڕاستەوخۆ دەستیان کردووە بە کارکردن و هەموو پرۆژەکەش لەلایەن ئەندازیارانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

لەبارەی ئەو بەربەستانەی هاتنە پێش ئەو پرۆژەیە، کارزان هادی باسی لەوەکرد: لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگ بوون بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کێشەکان چارەبکرێن و ئاشکرای کرد، هەموو سیاجی ئەو پرۆژانەی هەڵگیراون لەسەر ڕێگەی دروستکردنی ئەو شەقامە، بەشێوەیەکی ڕێکوپێک دروست دەکرێتەوە و سیامەکی جوانیش بۆ ناوچەکە دروست دەکات.

سەرۆکی شاروانی هەولێر ڕوونیکردەوە، کاری ئەوان تەنیا دروستکردنی شەقام و ڕێگەکان نییە، بەڵکو کار لەسەر ئەوەش دەکەن هەموو دەروازە سەرەکییەکانی شاری هەولێر بەشێوەیەکی شارستانیی نوێ دروست بکرێن و لە پلانیاندایە کە دەروازەکان بە ڕووبەری سەوزایی لەخۆبگرێت بۆ ئەوەی سیمایەکی شارستانی زیاتر بە هەولێر ببەخشێت.

لەبارەی گرنگی تەواوبوونی شەقامەکەوە، کارزان هادی جەختی کردەوە: ماوەی هاتووچۆی نێوان هەولێر و دەهۆک کەمتر دەبێتەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگی زۆری دەبێت بۆ هاتووچۆی بازرگانی لە نێوان هەولێر و دهۆک و حاجی ئۆمەران، کە ئێستا سەرەڕای دانانی ڕێگەی جێگرەوە بۆ هاتووچۆ، بەڵام ئاستەنگ بۆ بازرگانان دروست بووە، ئەمەش نیشانەوەی ئەوەیە کە تەواوبوونی ڕێگەکە سوودی زۆری بازرگانی دەبێت.

شەقامی جووت سایدی هەولێر – گەزنە، بە درێژایی سێ کیلۆمەتر پانیی 30 مەتر کە بە بەرزترین ئاستی خزمەتگوزاری و بە دەستی کاری نێوخۆیی دروست دەکرێت کە ئامانج لەو پرۆژەیەش کەمکردنەوەی گرفتی شۆفێرانە و هەردوو شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە.