پێشوازی لە بڕیارەکانی پارێزگاری هەولێر دەکرێت بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر

K24 - هەولێر:

پارێزگای هەولێر حەوت خاڵی بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان داخستنی پاڵاوگەی نایاساییەکانە کە لە ماوەی رابردوو جێگەی نیگەرانی هاوڵاتییان و ژینگە دۆستان بوو، بەوپێیەی ئەم پاڵاوگە نایاساییانە هۆکارێکی سەرەکین بۆ پیس بوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی دوکەڵ و بۆنێکی ناخۆش بە ئاسمانی شاری هەولێردا.

پارێزگاری هەولێر داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری شارەکە ڕاگەیاند و ئیدی لەمەدوا ئەو گاز و دووکەڵ و پاشماوە پیسانەی لە پاڵاوگەکان دەردەچن بە ئاسمانی شارەكەدا بڵاونابنەوە. ئەمەش دوای ئەوەی پاڵاوگەکان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی پیسکردنی ژینگەی هەولێر. ئەم بڕیارانەی پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی راسپاردە و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگە.

لە پاڵ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت درا بە پاڵاوگە یاساییەکان بۆ ئەوەی مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن. هاوکات، داواش لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە مەرجەکانی ژینگەپارێزی لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکەن. لەهەمان کاتدا فەرمان بە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان کرا، گازی کوالێتی بەکاربهێنن و یەک هەفتە مۆڵەتیشیان پێدرا تا مۆلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ.

هەروەها لە یەکێک لە بڕیارەکانی پارێزگای هەولێردا هاتووە، هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و دوای ئەوە بەڵێننامە لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت تا ئەو کاتەی چارەی کێشەکە بکات.