سامان سیوەیلی :سەرۆکی حکوومەت جیاوازیی لە نێوان فەرمانبەران ناکات

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیەک چاو سەیری دانیشتوانی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکات و جیاوازی لەنێوان فەرمانبەران ناکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی ئابی 2024، د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە بڕیاری سەرۆکوەزیران وەک دڵسۆزیی و پەرۆشیی خۆی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەم بڕیارەی دا، بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئێمە لە سنووری مادەی 140 بێبەش نەبن لە سوودمەندبوونەی کە سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان بە دابەشکردنی پارچە زەوی بۆ هەر یەکێکیان، ئەوانەی کە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی دەیانگرێتەوە.

ئەو گوتە بێژە دەڵێت: ئەوە گرنگییەکی زۆری هەیە لە ڕەهەندی نەتەوەییەوە کە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە دەیان جار دەسەلمێنێت، هەروەها ئەوەش دەسەلمێنێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیەک چاو سەیری دانیشتوانی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکات.

گوتەبێژی پەروەردە گوتیشی: چەند ساڵێک بەر لە ئێستە لەسەرو بەندی ڕێزلێنان لە قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی ئامادەیی، ئەو کاتە، کاتی تاقیکردنەوەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێم جیاوازی هەبوو، ئێمە زووتر تەواو بووین زووتر ئەنجامەکان ڕادەگەیەندرا و ئامادەکاریشمان بۆ ڕێوڕەسم دەکرد. لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران ئەو ڕێوڕەسمە دواخرا بۆ ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەی قوتابیانی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەربچێت، تاکو قوتابییە یەکەمەکانی ئەوانیش خەڵات بکرێن، ئەوەش پەرۆشی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە.

ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەوە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەیەک چاو سەیری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەکات، جا ئەوانەی لەناو هەرێمن یاخود لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێم. ئەوەش بایەخێکی گەورەی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی سنووری هەرێمن، ساڵانێکە ئەوانیش هاوشێوەی کوردستان خزمەتییان کردووە و ڕەنجیان داوە. لە کاتێکدا لە کەرکووک دوو جۆر خوێندن هەیە، یەکیان خوێندنی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە، ئەوی دیکەشیان سەر بە حکوومەتی هەرێمە.

سامان سیوەیلی ڕاشیگەیاند: زۆرجار مووچەی مامۆستایانی حکوومەتی فیدراڵ دەدرا، بەڵام بەهۆی ئەو ئابڵوقەی کە حکوومەتی عێراق خستبوویە سەر هەرێم، مامۆستایانی هەرێم لە کەرکووک دووچاری شەڕی دەروونی دەبوون بەهۆی ئەو جیاوازییەی حکوومەتی عێراق دەیکرد.