ئاسایشی هەولێر: بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو ژمارانە مەدەنەوە کە داوای ناردنی ژمارەی نهێنیتان لێدەکەن

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی چەند ژمارە مۆبایلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە: بە هیچ شێوەیەک ئەگەر داوای ناردنی ژمارەی نهێنییان لێکردیت کە بۆت ڕەوانە دەکرێت، وەڵامیان مەدەنەوە.

5ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەینەوە چەند ژمارە مۆبایلێکی وڵاتانی بیانی بە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی "واتسئاپ" بەناوی هەلی کار و قازانج کردن و کۆمپانیای بیانی کورتەنامە بۆ هاووڵاتییان دەنێرن، دوای ئەوەی کە لەگەڵیان دەکەویتە پەیوەندی داوای (ژمارەی نهێنی/کۆد)ێکت لێدەکەن کە ڕەوانە کراوە بۆ ژمارەی واتسئاپەکەت.

لەوبارەیەوە ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە: لەگەڵ پێدانی ئەو ژمارە نهێنییە (کۆد)، کە بۆت ڕەوانە کراوە، ڕاستەوخۆ  دەست بەسەر سەرجەم هەژمارەکانتدا دەگرن کە لەسەر ژمارە مۆبایلەکەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دانراوە، دواتر لە بەرانبەر گەڕانەوەی هەژمارەکانتدا داوای بڕێکی زۆر پارەدەکەن.

هەروەها ئاسایشی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کردووە: بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو جۆرە پەیوەندییانە نەدەنەوە و هەر ژمارەیەکی نهێنی، بۆ ژمارە مۆبایلەکەتان هات نابێت بۆ کەس ڕەوان بکرێت تاوەکوو هەژمارەکانیان پارێزراو بێت.