ئەردەوان ئیبراهیم: پرۆژەیەکی کارەبای 100 مێگاواتی بۆ سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێ دەکرێت

ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، وێستگەی گەڕۆکی کارەبا و ئاو، بۆ 51 گوندی سنووری بارزان، بە گوژمەی نزیکەی 11 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سۆران چەندان پرۆژەی گرنگ لە جێبەجێ کردندان، یەکێکیش لەو پرۆژانە دانانی وێستگەیەکی "مۆبایل"ە واتە وێستگەی گەڕۆکی کارەبا و ئاو، بۆ 51 گوندی سنووری بارزان، بە گوژمەی نزیکەی 11 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت و کارەکانیشی %40 تەواو بووە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "گەیاندنی کارەبا بۆ گونەدەکانی مێرگە سۆر و پرۆژەکانی ئاو، لەلایەن وەزارەتی کارەبا و شارەوانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاوی سۆران جێبەجێ دەکرێت، گوژمەکەشی سێ ملیار و 800 دینارە، ئەم پرۆژەش %70ـی کارەکانی تەواو بووە".

بەڕێوەبەری کارەبای سۆران دەشڵیت: "بۆ یەکەمجارە پرۆژەیەکی وەبەرهێنان بەم شێوە بە گوژمەی 235 ملیار دینار بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکرێت، ڕەزامەندی دەرچووە و بەردی بناغەی بۆ دانراوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێت، ئەم پرۆژە 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، پڕۆژەیەکی گرنگە کە بە وزەی پاک کار دەکات، ڕێکارەکان تەواو بووە و ڕەزامەندیشی بۆ دەرچووە، لە داهاتوویەکی نزیک دەست بە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەش دەکرێت".

ئەردەوان، ئیبراهیم ڕاشیگەیاند، "ئەم پرۆژە 100 مێگاواتییە تەواو بکرێت، بۆ یەکەمجار بە ئاستێکی بەرز کێشەی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چارە دەکات، لە ساڵی ڕابردوو کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان گەیەندراو بۆ ناوچەی حاجی ئۆمەران، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەبای حاجی ئۆمەران لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرا، چەندان جار ئێران هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە کارەبای ئەو ناوچە دەبڕن، هەر بۆیە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی کوردستانەوە بڕیاردرا کارەبای نیشتمانی بە گوژمەی 13 ملیار دینار بگەیەنرێتە ناوچەی حاجی ئۆمەران و ئێستە پرۆژەکە %100 تەواو بووە".