موسا ئەحمەد: دەزگا باوەشی بۆ ئاوارەکانی دەستی داعش کردەوە

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

 دەزگای خێرخوازیی بارزانی، توانیویەتی خۆی بگەیەنینە خزمەتکردنی خەڵکانی لێ قەوماو و ئاوارەکانی دەستی داعشیش و هیواو ئومێدێکیان پێ ببەخشێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئابی 2024، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە یادی 19ساڵەی دامەزرامدمئ دەزگاکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو ئەو کێشانەی لە دەوروبەرمان هەیە و ڕوویان داوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی، توانیومانە خۆمان بگەیەنینە خزمەتکردنی خەڵکانی لێ قەوماو. دەزگای خێرخوازیی بارزانی هیوایەک، ئومێدێکە بۆ هەموو کوردستانیان.

سەرۆکی ئەو دەزگایە دەڵێت: ئێمە لە ڕابردوودا کارەساتی گەورەمان تووش بووە. کەم کەس هەبووە لە کوردستانیان ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەرییان نەدیبێت. بۆیە، بوونی دەزگایەک لەو چوارچێوە خزمەتگوزارییە دڵنیان ئومێدێکی گەورە بووە بۆ خەڵکی کوردستان، کە بتوانێت ئەو بۆشایی و کەموکوڕییانە پڕ بکاتەوە کە لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکاندا ڕووبەڕوویان دەبینەوە.

دەشڵێت: ئێمە هەمیشە ئومێدی ئەوە دەکەین کە کوردستان دوور بێت لە کارەسات. هەمیشە ئەم دەزگایەش ئەو ئامادەکارییانەی هەیە، بۆ ئەوەی بەجۆرێک لە جۆرەکانیش میوانێکیش ڕوو لەم وڵاتە بکات، بە دەستێکی پڕ و بەشێوەیەکی ستانداردی مرۆڤانە لەخزمەتییدا بین".

ئاماژەی بەوەشدا "لە یادمە لە ساڵی 2014، بە هۆی تیرۆرستانی داعشەوە خەڵکی شنگال ماڵ و ژیانی خۆیانیان بەجێ هێشت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوشان لەگەڵ خەڵکی کوردستان لەگەڵ تیمەکانی حکوومەت، ڕۆڵێکی کاراو گرنگی گێڕا".

باسی لەوەشکرد "ئێمە کەمتر لە 150 ڕۆژ توانیومانە نۆ ملیۆن و 900 هەزار ژەمی خواردنی گەرم بە شێوەیەکی تەندروست پێشکەش بکەین، سوپاسی کارمەندانی دەزگاکە دەکەم کە هیچ حاڵەتێکی نەخوازراوی تەندروستی لەناو ئاوارەکاندا ڕووی نەدا، بەڵکو بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی WFP، وەزارەتی تەندروستی و WHO، باشترین شیوازی خزمەتکردنی پەنابەران بووە، چونکە ئەو خواردنەیان پێ دەدرا کە لە ماڵەکانی خۆیان دەیانخوارد. ئەوەش وای کرد لە ڕووی تەندروستییەوە کەمترین کێشەیان بۆ دروست ببێت".

موسا ئەحمەد ڕاشیگەیاند "کارو دەستکەوتەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی زۆرن، ئێمە ناتوانین هەمووی لێرە باس بکەین.  گرنگ ئەوەیە کە میللەتی ئێمەی کورد و کوردستان سەربەرز بێت، بەدووربێت لە کارەساتەکان و لە ئارامیدا بێت، چونکە ئێمە بۆ ئارامیی پرۆژەی زیاترمان پێیە".