شەڕی پەکەکە و تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەمی هەنگوینی لە دەڤەری ئامێدی کەم کردووەتەوە

کارگێری کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆک ڕایگەیاند، شەڕی پەکەکە و تورکیا، کاریگەری زۆری لەسەر بەرهەمی هەنگوین هەبووە.

هۆگر عیسمەت، کارگێری کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆک، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "شەڕی پەکەکە و تورکیا، کاریگەری زۆری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەڤەری ئامێدی هەبووە، بەتایبەتی بەرهەمی هەنگوین".

هۆگر عیسمەت گوتیشی: ماوەی دووساڵە هەنگەوانانی ئێمە لە ناوچەکانی نێروە و ڕێکان لەدەڤەری ئامێدی ناتوانن مێشەکانیان بهێننەوە، بەتایبەت هەندێک شوێنی تایبەت لەو ناوچانە هەیە کە پێی دەڵێن کانی هەنگوین، هەروەها بەسەدان کیلۆمەتری ڕووبەری ئەو شاخانە سووتاوە.

دەشڵێت: کەشوهەوای ناوچەکەی ئێمە زۆر لەبارە بۆ بەرهەمی هەنگوین، بەرهەمەکانی هەنگوینیش کوالیتییەکی زۆر باشی هەیە، هەتا وەکوو چارەی دەرمانیش بەکار دێت. گوتیشی: ئێمە 1600 هەنگەوانمان لەو دەڤەرە هەبوو کە دەرفەتێکی باشی کار بووە بۆ گەنجان و داهاتێکی باشیشی هەبوو.

 کارگێری کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆک ڕوونیشی کردەوە "بەرهەمی هەنگوین لەو دەڤەرە هەندێک ساڵ گەیشتووەتە 80 – 90 تۆن.  لەساڵی 2010 هەنگوینی ئەو دەڤەرە لە فەرەنسا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا، هەروەها لەساڵی 2017 لە میسر هەنگوینی کوردستان لەسەر ئاستی 34 وڵات ۆلەی یەکەمی بەدەست هێنا، لە ساڵی 2023ش لە سعوودیە یەکەم بوو".