عێراق... لە کۆی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی، 43 هەزار کرێکار مۆڵەتیان هەیە

کرێکارانی بیانی لە عێراق
کرێکارانی بیانی لە عێراق

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە 43 هەزار کرێکاری بیانی لە عێراق مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.

نەجم عیقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کاروکارباری کۆمەڵایەتی عێراق بە مێدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاند، کرێکارانی بیانی پرسێکی زۆر گرنگە، بە گوێرەی یاسای کاری ژمارە 37ـی ساڵی 2015، کە جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت دەستی کار لە نێوان خۆماڵی و بیانی دەبێت لە سەدا 50 بە 50 بێت.

عیقابی داوایەکی ئاراستەی خاوەن کۆمپانیا و کارگە و دوکانەکان کرد، کە هیچ کرێکارێکی بیانی نایاسایی دانەمەزرێنن و ئاماژەی بەوەشدا کە سەرپێچیکار خۆی دەخاتە بەردەم ڕێکارە یاساییەکان و سزادانی گەورە.

گوتەبێژی وەزارەت باسی لەوەش کرد، "وەزارەتی کاروکاروباری عێراق، زیاتر لە 43 هەزار کرێکاری بیانی هەیە کە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە"، دەشڵێ: ڕێگری لە هاتنی کرێکارانی ناشارەزا دەکەین".

بەپێی زانیارییەکان، "زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی هەن، کە زۆربەیان بێ مۆڵەتی یاسایین و لە عێراق کار دەکەن".