بەغدا؛ ماڵێک سووتا و چوار کەسی تیادا مردن

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا ڕایگەیاند، دوێنێ شەممە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکدا لە باشووری بەغدا، دایکێک و سێ منداڵ گیانیان سپارد.

سەرچاوە ئەمنییەکە بە مێدیاکانی گوت، "لە گەڕەکی ئیعلام لە باشووری بەغدا، ئاگر لەماڵێک کەوتەوە لە ئەنجامدا دایکێک و سێ منداڵەکەی لەشوێنی ڕووداوەکە مردن".

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە:بە گوێرەی زانیارییەکان ڕووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.

بەگوێرەی داتاکانی ڕوانگەی عێراقی سەوز، ساڵی پار زیاتر لە 21 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە چێشتخانە و باڵەخانە و دامەزراوە میریی و نا حکومیەکان ڕوویانداوە، دەشڵێت، زۆرترین ڕووداوەکان لە بەغدا بوونە.

لەبارەی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکانیش، بەرگریی شارستانی عێراق رایگەیاند: ئاشکرا بووە بە ڕێژەی 60% ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەبا و ئەو تۆڕانەی کارەباوە بووە کە وەک جاڵجاڵۆکەن و لە مۆلیدەکانەوە دەرچوون، هەروەها بە رێژەی 15% ڕووداوەکان بەهۆی یاریکردنی منداڵان بووە بە ئاگر.