عێراق بۆ ڕێگرتن لە نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون تیمی تەندروستی بۆ زیارەتکاران داناوە
زیاتر له دوو ملیۆن زیاره‌تكاری بیانی بۆ رێوڕه‌سمه‌كانی چله‌ی ئیمام حوسێن سه‌ردانی كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ن، ئه‌م مه‌راسیمه له كاتێكدایه نه‌خۆشی ئاوڵه‌ی مه‌یموون له به‌شێك له‌وڵاتانی جیهان بڵاوبووه‌ته‌وه، ترس هه‌یه له‌ڕێگه‌ی زیاره‌تكارانه‌وه نه‌خۆشییەکە بپه‌ڕێته‌وه عێراق.. عێراقیش ڕێوشوێنه ته‌ندروستییه‌كانی له فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه سنوورییه‌كان توند كردووه.
بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمه‌كانی چله‌ی ئیمام حوسێن، جگه له خه‌ڵكی ناوخۆ، زیاره‌تكارانی بیانییش له‌وڵاتانی دیكه‌وه سه‌ردانی عێراق ده‌كه‌ن. میقداد میری، گوته‌بێژی لیژنه‌ی باڵای پاراستنی زیاره‌تکاران ڕایده‌گه‌یه‌نێت "زیاتر له دوو ملیۆن و 200 هه‌زار زیاره‌تكار سه‌ردانی عێراقیان كردووه و له‌و ژماره‌یەش زیاتر له 679 هه‌زار زیارەتکار گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاته‌كانیان".
سه‌باره‌ت به گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی توند بۆ پاراستنی گیانی زیاره‌تكاران و هه‌روه‌ها ڕێگریی له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئاوڵه‌ی مه‌یموون، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕایده‌گه‌یه‌نێت "ڕێوشوێنی توندیان بۆ پاراستنی ته‌ندروستی زیاره‌تكاران له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان گرتووه‌ته‌به‌ر".
له‌و باره‌یه‌وه ساڵح مه‌هدی حه‌سناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ئاشكرای كردووه "پلانی وه‌زاره‌ت بۆ زیاره‌تکاران چه‌ند لایه‌نێك ده‌گرێته‌وه، له‌وانه تیمی پزیشكی و ته‌ندروستی به‌درێژایی ئه‌و ڕێگا ده‌ره‌كییانه‌ی به‌ره‌و كه‌ربه‌لا ده‌چن بڵاو کراونەتەوە، گشت نه‌خۆشخانه و دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كانیش له ئاماده‌باشیدان".
وه‌زیری ته‌ندروستی دەشڵێت: لایه‌نی هۆشیاری و چاودێریی خۆبه‌خشیش پێك هێنراون كه چاودێری و پشكنینی ئه‌و خۆراكانه ده‌كه‌ن، کە پێشكه‌شی زیاره‌تكاران ده‌كرێن.
سه‌یف به‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دەڵێت: تائێستا هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی ئاوڵه‌ی مه‌یموون له‌عێراق تۆمار نه‌كراوە. ئه‌م نه‌خۆشییه نیشانه‌كانی له‌چه‌ند وڵاتێك ده‌ركه‌وتوون، بۆ خۆپارێزیش كه‌ره‌سته‌ی پێویستمان بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌م نه‌خۆشییه هه‌یه و به‌رده‌وامیش چاودێری دۆخی سنووره‌كان ده‌كه‌ین.