سامەڕا.. چەند چەکدارێک بە جلی سەربازییەوە خێزانێک کۆمەڵکوژ دەکەن

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەلاحەددین ڕایگەیاند، لە سامەڕا ژمارەیەک چەکدار کە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیان کوشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئابی 2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی بەمێدیاکانی ناوخۆی گوتووە، "ژمارەیەک چەکدار کە جلی سەربازییان لەبەردابووە لە ناوچەی عەباسیە لە باکووری سامەڕا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک دایکێک و پێنج منداڵیان کوشتووە".

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ڕووداوەکەدا هەموو ئەندامانی خێزانەکە کوژراون و چەکدارەکانیش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتوون"، ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی کێوماڵکردنیان لە ناوچەکە دەست پێ کردووە بۆ گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ".

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕێژەی تاوان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە سەدا 50 زیادی کردووە، کە ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ بێکاریی و هەژاریی و ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها دۆخی ناسەقامگیریی ئەمنی لە عێراق هۆکارێکی دیکەی کردنی تاوانەکانە.