پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی بە تاوانی دزیی دەستگیر کرد

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، کەسێکیان بە تاوانی دزیی لەنێو چەند ئۆتۆمبێلێکی شاری هەولێر دەستگیر کردووە

پۆلیسی هەولێر
پۆلیسی هەولێر

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، کەسێکیان بە تاوانی دزیی لەنێو چەند ئۆتۆمبێلێکی شاری هەولێر دەستگیر کردووە، لە لێکۆڵینەوەشدا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەی ناوە.

یەکشەممە 4ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی چەند سکاڵایەکیان لەلایەن هاووڵاتیانەوە پێگەیشتووە بە هەبوونی حاڵەتی دزیکردن، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و کۆکردنەوەی زانیاری، توانیوویانە شوێنی تۆمەتبار لە کاتێکی کەمدا دەستنیشان بکەن.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (س. ش. ن) دەستگیر کرد کە کاری  دزیی کەلوپەلی ناو ئۆتۆمبێلی لە ڕێگای کردنەوەی جامەکانیان ئەنجامداوە.

بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبار دانی نا بە تاوانەکەی دانا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، لە ئێستادا بەپێی ماددەی (444) ڕاگیراوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە سەر و ماڵیان پارێزراوە و جامی ئۆتۆمبێل و دەرگا و شوێنە تایبەتەکانیان بە کراوەیی بەجێ نەهێڵن، ئەوانیش هەمیشە لە خزمەت هاووڵاتیاندا دەبن.