لە بەریتانیا داوادەکرێت دایک و باوکان مۆبایلی زیرەک بۆ منداڵانی تەمەن خوار 11 ساڵی نەکڕن

کۆمپانیای "ئی ئی"، یەکێک لە دیارترین کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە بەریتانیا، لە ڕێنماییەکدا، پێشنیازی بۆ دایک و باوکان کردووە کە نابێت مۆبایلی زیرەک بۆ منداڵانی تەمەن خوار 11 ساڵی بکڕن، ئەوەش بە ئامانجی "پاراستنی منداڵانە لە جیهانی دیجیتاڵیدا".

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای 'ئۆفکۆم' دەزگای ڕێکخستنی مێدیا لە بەریتانیا کراوە، نزیکەی چارەکێک لە منداڵانی تەمەن 5 بۆ 7 ساڵان لە بەریتانیا مۆبایلی زیرەکیان هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیای ئی ئی، کە لقێکی گروپی پەیوەندییەکانی بەریتانیای BT یە، نابێت منداڵانی خوار تەمەنی 11 ساڵ مۆبایلیان هەبێت، ئەو  جۆرە مۆبایلە ڕێگەیان پێ دەدات بچنە ناو ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو پێویستە "ئامێرەکانی توانای سنووردار"یان هەبێت کە توانای ئەوەیان پێ نەدات دەستیان بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕابگات، تەنها بۆ نامەی کورت و پەیوەندی بێت.

 هەروەها ئی ئی، داوای کردووە منداڵانی خوار تەمەنی 13 ساڵیش دەستڕاگەیشتنیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار بێت.

جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دایک و باوکان کۆنترۆڵ لەسەر مۆبایلی منداڵەکانیان دابنێن بۆ چاودێریکردنی ئەو کاتەی لەبەردەم شاشەکەدا بەسەری دەبەن، هەروەها سنوورێکی کاتیی بۆ بەرنامە تایبەتەکان دابنێن.

هەروەها داوای کردووە کە دایک و باوکان تا تەمەنی 16 ساڵی منداڵەکانیان کۆنترۆڵ بکەن، بە تایبەتی لەبارەی دەست ڕاگەیشتنیان بە ماڵپەڕەکان و دوورکەوتنەوە لە ناوەڕۆکی نەشیاو.

ئەم پێشنیارانە بەئامانجی "پاراستنی منداڵانە لە جیهانی دیجیتاڵیدا"، بەڵام فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکانی بەپێی تەمەنی بەکارهێنەران سنووردار ناکات.

 مات سیرز، بەڕێوەبەری کاروباری گشتی لە کۆمپانیای ئی ئی دەڵێت، کۆمپانیاکە دەیەوێت یارمەتی دایک و باوکان بدات، باشترین هەڵبژاردن بۆ منداڵەکانیان بکەن.

لە بەریتانیا مشتومڕێکی گەرم هەیە لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆجیا و مۆبایلە زیرەکەکانی منداڵان و هەرزەکاران.

مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو نوێنەرانی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی کۆمۆنەکان داوایان لە حکوومەت کرد بیر لە سەپاندنی قەدەغەکردنی تەواوەتی مۆبایلە زیرەکەکان بۆ کەسانی خوار تەمەنی 16 ساڵ بکاتەوە.

بەڵام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کییر ستارمەر، کە خۆشی دوو منداڵی هەرزەکاری هەیە، پەنابردنی بۆ ڕێکارێکی لەو شێوەیە ڕەتکردەوە و گوتی: پێموانییە بیرۆکەیەکی باش بێت. لەبری ئەوە پێشنیازی "پاراستنی باشتر"ی کرد.