لە میسانیش مووچە دواکەوت!

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024، لە پارێزگای میسان، خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی سەر بە وەزارەتی کارەبا، بەهۆی دواکەوتنی شایستە و مووچەکانیان بەڕێوە چوو.

بەگوێرەی مێدیا ناوخۆییەکانی عێراق، دەیان فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی سەر بە وەزارەتی کارەبا، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکە خۆپیشاندانیان کرد و داوای پێدانی مووچەکانیان و شایستەکەیان کرد کە دواکەوتووە.

بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوبووەتەوە، خۆپیشاندەران بەڵێنیان داوە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت و مووچەکانیان نەدرێت، خۆپیشاندانێکی گەورە لەبەردەم وەزارەتی کارەبا دەکەن.

لە مانگی ڕابردووشدا، لەماوەی تەنها یەک هەفتەدا نزیکەی 30 خۆپیشاندانی جۆراوجۆر لە پارێزگای زیقار بەڕێوەچوو، داواکاری خۆپیشاندەرانیش بریتی بوون لە دامەزراندن، خزمەتگوزاریی هەروەها دابەشکردنی زەوی و کۆتایهینان بە پشپشکێنە کە چەندین ساڵە لە پارێزگاکە هەیە.

چالاکوانێکیش لەوبارەوە بە کوردستان24ـی گوتبوو، "ڕۆژانە نزیکەی سێ بۆ چوار خۆپیشاندان لە زیقار دەکرێن. خەڵک داوای دامەزراندن یاخود خزمەتگوزاریی و کارەبا دەکەن، هیچ چارەسەێکیش نییە".

باسی لەوەش کرد: "ئەگەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە خۆپیشاندانەکانی زیقار بەردەوامیان دەبێت، ئەم پارێزگایە هاوشێوەی تۆپێک لە ئاگرە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەپێچەوانەوە دەرئەنجامەکەی قورس دەبێت".