واشنتۆن پۆست: ئەمەریکا سەرکردەیەکی حووسییەکانی لە بەغدا کوشت

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست کوشتنی "سەرکردەیەکی حووسی"ـی لە نزیک بەغدا ئاشکرا کرد. دەشڵێت: هێرشەکە کراوەتە سەر ئەو چەکدارانەی کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا ئامادە دەکرد.

ڕۆژنامەی 'واشنتۆن پۆست'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، "هەفتەی ڕابردوو، ئەمەریکا لە نزیک بەغدا، هێرشی کردە سەر سەرکردەیەکی گرووپی ئەنساروڵلای سەر بە حووسییەکان کە تایبەتمەند بووە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کوشتی".

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکی و عێراقییەوە بڵاوی کردەوە "هێرشەکە کراوەتە سەر ئەو چەکدارانەی کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا ئامادە دەکرد".

شەوی ڕابردوو، سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بە مووشەک بۆردوومان کرا. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش ڕایگەیاند، ژماره‌یه‌ك سه‌ربازمان له‌ ئه‌نجامی ئەو هێرشە ئەو بریندار بوون.

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیە جێگیرکراون و پێشتر گرووپەکانی سەر مقاوەمەی ئیسلامی چەندین هێرشیان کردبووە سەر ئەو بنکەیە.

لە 17ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو 25ـی تەمموز، زیاتر لە 170 هێرش کراونەتە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرسێ وڵاتی عێراق، سووریا و ئوردن.