دواجار یەکەم کاروانی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-16ـە، گەیشتە کیێڤ

زیاتر لە دوو ساڵە ئۆکرانیا چاوەڕێی گەیشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-16ـە، دواجار یەکەم کاروانی فڕۆکەکان گەیشتە کیێڤ.

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرەوپێش چووە و هیوادارین لەوەی هێزیی ئاسمانیان بگاتە ستانداردیی فڕۆکەوانیی جەنگیی ڕۆژئاوا".

لەبەرامبەردا، ڕووسیا هۆشداریی دەدات و دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن دەڵێت: فڕۆکە جەنگییەکان هیچ کاریگەرییەکیان نابێت و لە گۆڕەپانی جەنگ تێکیان دەشکێنن.

دوای زیاتر لە دوو ساڵ چاوەڕوانی دواجار، یەکەم کاروانی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16ی دروستکراوی ئەمەریکا، گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا تاوەکوو ئێستە ژمارەی فڕۆکەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی لە وێنەکەدا لە پشت زێلێنسکییەوە دەردەکەون، لە دوو فڕۆکە زیاترن.

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، ئێستە قۆناغێکی نوێیە لە بەرەوپێشبردنی هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا. "ئێمە زۆر کارمان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا بۆ ستانداردی نوێی فڕۆکەوانیی جەنگیی ڕۆژئاوا بگۆڕین. سوپاسی تیمەکەمان دەکەم بۆ ئەم ئەنجامە گرنگە. سوپاسی هاوبەشەکانمان دەکەم بۆ یارمەتییەکانیان لە شێوازی بەکارهێنانی فڕۆکەکە. سوپاسی دانیمارک و هۆڵەندا و ئەمەریکا و هەموو هاوبەشەکانمان دەکەم. ئێمە پشتگیری ئێوە بەرز دەنرخێنین."

هەر لە سەرەتاوە، ڕووسیا لە ئەگەری پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 بە ئۆکرانیا، هۆشداری دابوو، تەواوی فڕۆکەکان لە گۆڕەپانی جەنگ تێک دەشکێنن. دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن ئاماژەی بەوەدا، پێدانی فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکرانیا، دەرمانی جادووی نییە و هیچ گۆڕانێک دروست ناکات.

دووپاتیشی کردەوە، حکوومەتی ڕووسیا خەڵات پێشکەشی هەر سەرباز و فڕۆکەوانێک دەکات، ئێف-16کانی ئۆکرانیا تێک بشکێنێت.

دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، ڕەزامەندی دا لەسەر پێدانی فڕۆکەی ئێف-16 بە ئۆکرانیا، هەریەک لە بەلجیکا، دانیمارک، هۆڵەندا و نەرویج بڕیاریان دا زیاتر لە 60 فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 ڕەوانەی کیێڤ بکەن، ئێستەش یەکەم کاروانیان گەیشتوونەتە ئۆکرانیا و لە داهاتوودا ئەوانی دیکەش ڕەوانە دەکرێن.