عیماد جەمیل: داخستنی سێ پارتەکە پەیوەستە بە پرسی پارەدارکردنیان بەشێوەیەکی نایاسایی

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: سێ پارتەکەی سەر بە پەکەکە (ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی)، بەپێی بڕیارێکی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق هەڵوەشێنرانەوە و دەست بەسەر پارەکانیشیاندا دەگیرێت چونکە شێوازیی پارەدارکردنیان نایاساییە.

سێشەممە 6ـی ئابی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بۆ داخستنی سێ پارتەکە لەکاتێکدایە کە لیستیشیان بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش نەکردووە، دەڵێت: بەپێی ڕێنمایی ساڵی 2019، هەر  کەس و لایەنێک سەرپێچیی ڕێنمایی کۆمیسیۆن بکات، لە هەڵبژاردنەکان دوور دەخرێنەوە و قەدەغە دەکرێن، لەبەر ئەوەی ئەو سێ پارتە سەرپێچیان کردووە، بۆیە بڕیاری داخستنیان درا، دوای ئەوەش دەست بەسەر سامانەکەیان دادەگیرێت.

عیماد جەمیل گوتی: پێویستە پارتەکان بەشێوەیەکی نیشتمانی کار بکەن و پارەدارکردنیان بەگوێرەی ڕێنماییەکانی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان بێت، هاوکات  گرووپی چەکدارییان نەبێت و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن جێبەجێ بکەن، گوتی: ئەو پارتانەی مەرجەکان جێبەجێ ناکەن، کۆمیسیۆن ناچارە هەڵیانوەشێنێتەوە، دەشڵێت: ئەو بڕیارەی لەبارەی ئەو پارتانە لە ئەنجوومەنی دادوەریی دەرکراوە، پەیوەندیی بە شێوازیی پارەدارکردنیانەوە هەیە، چونکە ئەو پارتانە لە دەرەوەی عێراقەوە پاردەدار دەکرێن، ئەمەش سزای توندی لەسەرە و دەست بەسەر سامانەکانیان دەگیرێت و بەشداریی هیچ هەڵبژاردنێکیش ناکەن، گوتی: ئەو پارتانەی دوور خراونەتەوە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نابێت.

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  ئاشکرای کرد، نزیکەی حەوت کاندید تا ئێستا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوور خراونەتەوە چونکە پابەندی پێشکەشکردنی بەڵگەکان نەبوون، دەڵێت: ناوی کاندیدەکان ناردراون بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی ، هەر کەسێک لەڕووی یاساییەوە کێشەی هەبێت دوور دەخرێتەوە، هەفتەی داهاتوو دەردەکەوێت چەند کاندیدی دیکە دوور دەخرێنەوە.

گوتیشی: ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول دەست پێدەکات و تا 48 کاتژمێر پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.

بەپێی بڕیارێکی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، سێ پارتی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەمەودوا بە هەڵوەشاوە دادەنرێن و بارەگاکانیان دادەخرێت.

بەپێی ناوەڕۆکی ئەو بڕیارە کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر داوای فەرمانگەی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، بڕیاریداوە هەر یەکە لە حزبەکانی (ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی) هەڵدەوەشێندرێنەوە و بارەگاکانیان دادەخرێت و دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا دەگیرێت. 

ئەو داوایەش لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بووە بەهۆی بوونی چالاکی ئەو حزبانە کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە کە ئەو پارتە لە عێراق قەدەغەکراوە.