ئیسرائیل لە سووریا ئۆتۆمبیلێکی بۆمباران کرد

سووریا
سووریا

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای دیمەشق-بەیروت کردە بۆردومان کرد کە لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا.

ڕێگای دیمەشق-بەیروت دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ سەرکردەکانی حزبوڵلا و ڕێگایەکە بۆ دابینکردن و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەو کەسەی کوژراوە سەرکردەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بێت.

هەرچەندە لە دوای ساڵی 1973ەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و سووریا وەستاوە، بەڵام زۆرجار ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سوپای سووریا و لایەنگرانی ئێران لەو وڵاتە.

بەگوێرەی مێدیاکان، دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی دیمەشق-بەیروت بووە، هەرچەندە تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسەی کوژراوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەو کەسە سەر بە حزبوڵلای لوبنانی بێت، چونکە ڕێگای دیمەشق-بەیروت دەروازەیەکی بۆ هاتوچۆی سەرکردەکانی حزبوڵلا و دابینکردن و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ لوبنان.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە تا ئێستا 56 جار خاکی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 178 چەکدار کوژراون و 96 چەکداری دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانەدا حکوومەتی سووریا وەڵامی نەداوەتەوە، تەنها بەیاننامەی ئیدانەکردنی دەرکردووە.