بەرەی تورکمانی سکاڵایان لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمار کرد

بەرەی تورکمانی و پێکهاتەی عەرەبی لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەدژی دانیشتنەکەی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا تۆمار کرد و دەڵێن: سکاڵاکەمان لەسەر بنەمای یاسا و دەستوورە و  بڕوامان وایە دەیبەینەوە. جەختیش دەکەنەوە دان بەم حکوومەتە خۆجێییەدا نانێین.

کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا پێکهاتەکانی کەرکووکی بەسەر چەند بەرەیەک دابەش کردووە، بەرەی ناڕەزایی جگە لە جوڵاندنی شەقام پەنایان بۆ دادگاش بردووە و سکاڵایان تۆمارکرد.

تورکش عزەدین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وەک لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو سکاڵامان لە دژی ئەو دانیشتنە تۆمارکرد، کە لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بەڕێوەچوو، لە سکاڵاکەشدا پشتمان بە یاساو دەستوور بەستووە".

هەشت مانگی چاوەڕوانیی خەڵک بەقەیران دەستی پێ کرد، حکوومەتێک هێشتا دەستبەکار نەبووە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی لەسەرە.

خالید مەفرەجی، گوتەبێژی حزبی سیادە گوتی: بەبەڵگەوە دەیسەلمێنین کە کۆبوونەوەکە ناتەواو و نایاساییە، چونکە پێچەوانەی ماددەی 7ـە لە یاسای پارێزگاکان و ماددەی 13ـە لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئاماژەی بەوەش دا، حەوت ئەندامیش ئاگاداری کۆبوونەوەکە نەکراونەتەوە لەگەڵ ئەوەش دا پێکهاتە سەرەکیەکان کە تورکمان و نیوەی ئەندامانی عەرەب و پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوونە، واتە نیوەی پێکهاتەی پارێزگاکە ئامادە نەبوونە.

پارتی و پێکهاتەی تورکمان و نیوەی عەرەب حکوومەتێکی لەم شێوەی کە درووست بووە ڕەت دەکەنەوە و بە کودەتا ناوی دەبەن.

پێشتر لایەن و پێکهاتەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە پێویستە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کۆدەنگی لەسەربێت و هیچ کەس و لایەنێک فەرامۆش نەکرێت؛ بەڵام بەگوتەی لایەنە ناڕازییەکان کۆبوونەوەکەی هوتێل ڕەشید سازانی تێک دا و هەرسێ پێکهاتەکەی دابەش کرد و قەیرانەکانیشی گەورەتر کرد.