لە غەززە یەکەمین حاڵەتی ئیفلیجی منداڵان تۆمارکرا

یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی مرۆیی و هەڵمەتی بە پەلەی ڤاکسینکردنی منداڵان دەکات

منداڵانی غەززە (وێنە:AFP)
منداڵانی غەززە (وێنە:AFP)

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵانی لە شاری دێربەلەحی کەرتی غەززە ڕاگەیاند. نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای ئاگربەستی مرۆیی و هەڵمەتی بە پەلەی ڤاکسینکردنی منداڵانی غەززە دەکات.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ئەو حاڵەتەی تۆمارکراوە منداڵێکی ساوای تەمەن 10 مانگە و هیچ یەکێک لە ڤاکسینەکانی دژ نەخۆشی وەرنەگرتووە.

هەر لە دوای ڕاگەیاندنی یەکەمین حاڵەتی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند، پێشگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە پێویستی بە هەوڵی گەورە و هەماهەنگییەکی بەپەلەی نێودەوڵەتییە.

هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، هەرچی زووە ئاگربەستێکی مرۆیی بکرێت بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی خێرا و بە پەلە بۆ ڤاکسینکردنی منداڵانی غەززە بکرێت تاوەکوو لە مەترسییەکانی تووشبوون بە ئیفلیجی ڕزگار بکرێن.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستێکی حەوت ڕۆژەی کردووە بۆ ئەوەی لە هەڵمەتێکی بە پەلەدا ڤاکسینی دژە ئیفلیجی بە 640 منداڵی کەرتی غەززە بدات.

لەلایەن خۆیەوە ڕیکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامادەیی خۆیی دەربڕیوە هەر لەم مانگەدا بڕی پێویست لە ڤاکسینی دژە ئیفلیجی جۆری دوو بۆ منداڵانی ژێر 10 ساڵ بۆ غەززە ئامادە دەکات.

ئیفلیجی منداڵان ڤایرۆسێکی گوازراوەیە و کار لە کۆئەندامی دەمار دەکات و دەبێتە هۆی ئیفلیج بوون، ئەو جۆرە ڤایرۆسە بەزۆری منداڵانی ژێر تەمەن پێنج ساڵ تووشی دەبن.

تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە لە کاتێکدایە، کە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و نەبوونی دەرمان و هاوکارییەکانی چەندین نەخۆشی لە کەرتی غەززە بڵاوبووەتەوە و بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین نزیکەی 40 هەزار کەس لە غەززە تووشی ڤایرۆسی جگەر بوون.