بنکەی عەین ئەسەد دەخرێتە ئامادەباشییەوە

بنکەی سەربازی عەین ئەسەد (وێنە: ئەرشیف)
بنکەی سەربازی عەین ئەسەد (وێنە: ئەرشیف)

هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی سنووری پارێزگای ئەنباری عێراق ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکەن.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویان کردووەتەوە؛ هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، دەستیان بە مەشق و ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی قورسی مووشەکی و درۆنی کردووە، چونکە ئەمریکییەکان گومانیان وایە لەماوەیەکی کەمی داهاتوودا بنکەکە ڕووبەڕووی هێرشی فراوانی گرووپە میلیشیاکان دەبێتەوە.

ئامادەکارییەکانی بنکەی عەین ئەسەد لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە نوێترین زانیاری سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکانی ڕایگەیاندووە، هەرچەندە نزیک بووینەتەوە لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخراوە و بڕیارە لە ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانییەکە بێت.

هەروەها سەرچاوە ئاگەدارەکان ئاماژەی داوە، سەربازە ئەمریکییەکانی لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرن دەستیان مەشق و بەرهێنان کردووە وەک ئامادەکارییەکی پیشوەختە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی گرووپە میلیشیاکان بێت یان لە دەرەوەی عێراق هێرشی مووشەکیان بکرێتە سەر.

کاتژمێر 9:00ـی شەوی 5ـی ئەم مانگە لە شارۆچکەی حەدیسەی سنووری پارێزگای ئەنبار هێرشی مووشەکی کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، چەند سەربازێکی ئەمەریکی لەو هێرشەدا بە سووکی بریندار بوون.