وەزیری بەرگری ئەمەریکا: ئێمە دەستبەرداری هاوکاریی ئۆکرانیا نابین

بەکارهێنانی چەکی مووشەکی دوورهاوێژ لەلایەن ئۆکرانیا، کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆیان دابین کردووە، سنووردار بووە بۆ بەکارهێنانیان لە خاکی ڕووسیا، ڕەنگە ئەو فشارانەی دەکرێنە سەر واشنتۆن، وا بکەن کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی جۆو بایدن ڕازیی بکەن بە هەڵگرتنی ئەو سنووردارکردنە.

بەگوێرەی مێدیاکانی ئەمەریکا، گەیشتنی وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا ڕۆستەم ئەمیرۆڤ، بۆ واشنتۆن بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی بەرپرسانی ئەمەریکا بووە؛ سەردانەکە بۆ تاوتوێکردنی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی کورسک و لابردنی سنووردارییەکانی سەر بەکارهێنانی چەکە، هەرچەندە هیچ هەڵوێستێکی ڕوون لەو بارەیەوە نەبووە.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لوید ئۆستن، لە پێنتاگۆن لەگەڵ ئەمیرۆڤ کۆبووەوە و پابەندبوونی بەردەوامی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دووپات کردەوە. ئۆستن سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕووسیای بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکرانیا کرد، گوتیشی: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پێشەنگایەتیی هاوپەیمانان و هاوبەشەکان لە دابینکردنی توانای سەرەکی بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ بەرگری لە خۆی. دەشڵێت: با ڕوون بم هەرگیز قبوڵ ناکرێت خەڵکی مەدەنی بکرێتە ئامانج.

ئۆستن، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانانی ئۆکرانیا کرد کە هەفتەی داهاتوو لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت. دووپاتیشی کردەوە: لە کۆبوونەوەکەدا هاوبەشەکان کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکانی ئۆکرانیا لە مەیدانی جەنگدا. لەوانە توانای بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ڕووسیا.

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئەمیرۆڤ گوتی: کۆبوونەوە و گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر دۆخی ئێستای جەنگ و دیدگە و ئامانج و پلانەکانی ئۆکرانیا کرا.

ئەمیرۆڤ، باسی لەوەش کرد "سەرکردایەتی ئەمەریکا نموونەیەکی بەهێزی داناوە بۆ هاندانی هاوبەشەکانی دیکە بۆ ئەوەی لەم کاتە هەستیارەدا پاڵپشتیی ئۆکرانیا بکەن".