جووتیارێک: حکوومەتی عێراق دەیەوێ ملکەچمان بکات!

ژمارەیەکی زۆری جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەبەردەم وەزارەتی بازرگانی عێراق گردبوونەتەوە و داوای شایستە داراییەکانی خۆیان دەکەن، کە تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی فرۆشراویان وەرنەگرتووە، بە گوتەی جووتیارەکان بڕەکەی 438 ملیار دینارە.

یەکێک لە جووتیارەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە لەشارو شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتووین بەدواداچوون بۆ دواکەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران بکەین، حکوومەتی عێراق بڕێکی دیاریکراوی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت، ئەوەش بە ئاسانی نەکرا بەڵکو هەوڵێکی تەواو درا تا ئەو بڕە گەنمە وەرگیرا.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکرا بڕی 700 هەزار تۆن بوو، ئێمە 684 تۆنمان ڕادەست کرد، کە 16 هەزار تۆن کەمتر بوو، هەروەها پارەی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی عێراق لە چوارچێوەی بودجەی حاکمە تەرخان کراوە، کە بەداخەوە بەشەکەی کوردستانیان داوەتە باشوور و ناوەڕاستی عێراق. چونکە بڕیار بوو پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم لەعێراق وەربگیرێت. بەڵام بڕی 800 هەزار تۆنیان زیاتر وەرگرت و پارەکەی ئێمەیان دا بەوان.

دەشڵێت: ئێستا پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بووەتە قەرز، بڕیار بوو پارەکەمان لە ماوەی یەک هەفتەدا خەرج بکرێت بەڵام ماوەی سێ مانگە بەدواداچوون دەکەین هیچ دیار نییە.

ڕاشیگەیاند "حکوومەتی عێراق بە ئەنقەست دەیەوێت هەرێمی کوردستان گەشە نەکات و لاواز بێت تاوەکوو ئێمە سەریان دانەوێنین".

دکتۆر بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی: گرفتەکە تەنیا لەوەرگرتنی شایستەکانی جووتیاران نییە، ئەو ستەمەی لە جووتیاران دەکرێت بەردەوامە و لە ڕابردووش هەبووە، بۆیە هاتووین ئەو گرفتە چارە بکەین.

جەختیشی کردەوە، جووتیاران گەنمەکانیان بەتەواوی ڕادەست کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکەیان وەرنەگرتووە، کە بەشێکی کەمتەرخەمییەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراقە، کە بیانووەکەی ئەوەیە سیولە نییە، بەشێکی کەمتەرخەمیەکەش خۆمانین کە هەماهەنگی و فشارمان نییە.

ڕوونیشی کردەوە، وەزارەتی بازرگانی جیاوازی دەکات کە ئەمە قبوڵکراو نییە و ڕێگە بەوە نادەین، دەبێت مافی ئەو جووتیارانە وەرگرینەوە.