ئیسرائیل دۆزینەوەی گەورەترین تونێلی حەماسی لە نزیک سنووری میسر ڕاگەیاند

سوپای ئیسرائیل: بەرزی بەشێک لە تونێلەکان سێ مەترە

یەکێک لە تۆنێلە دۆزراوەکانی میحوەری سەلاحەددین لە کەرتی غەززە و نزیک سنووری میسر
یەکێک لە تۆنێلە دۆزراوەکانی میحوەری سەلاحەددین لە کەرتی غەززە و نزیک سنووری میسر

سوپای ئیسرائیل، دۆزینەوەی تۆڕێک تونێلی چەکدارانی حەماسی لە میحوەری سەلاحەددین و نزیک لە سنووری میسر ڕاگەیاند، کە بەشێک لە تونێلەکان بەرزییان سێ مەترە.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "لە چەند مانگی ڕابردوودا، هێزەکانی فیرقەی 162 و هێزەکانی یەهلۆم کە یەکەیەکی تایبەتی ئەندازیارییە و ئەرکیان دۆزینەوە و لەناوبردنی تونێل و ڕێڕەوەکانی ژێر زەوییە، لە تازەترین هەڵمەتدا لە میحوەری سەلاحەددین، دەیان تونێلی گەورە و فراوانی چەکدارانی حەماسییان دۆزیوەتەوە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دۆزینەوەی تونێلەکانی ناوچەکە دەستکەوتێکی گەورەی ئۆپراسیۆنە فراوانەکەی کەرتی غەززەیە بە گشتیی و شاری ڕەفەح بە تایبەتی، کە چەکدارانی حەماس بۆ کاری قاچاخچێتی بەکارهێناوە".

هەروا ئاماژەی داوە "هەفتەی ڕابردوو لە ناوچەی سەلاحەددین و نزیک سنووری میسرەوە، تونێلێکیان دۆزیوەتەوە سێ مەتر بەرزە و دوای پشکنینی تەواوی تونێل و ڕێگەکان، هەر هەموو تونێلەکان دەتەقێنرێنەوە".

میحوەری سەلاحەددین دەکەوێتە سنووری کەرتی غەززە و کەناری دەریای ناوەڕاست، بە ناوچەی فێلادلفیا ناسراوە و بە درێژی 14 کیلۆمەتر هەر لە باکووری غەززەوە تاوەکوو دەروازەی کەرەم ئەبو سالم، لە باشووری کەرتەکە و سەر سنووری میسر درێژ دەبێتەوە، بە گوێرەی پەیماننامەی ئاشتی 1979 بە ناوچەیەکی دابڕێندراو دادەنرێت، هەروەها سوپای ئیسرائیل لە 2005 وەک بەشێک لە پلانی دابڕاندنی کەرتی غەززە هەموو سەربازەکانی لەو ناوچەیە کشاندەوە.