یەحیا ڕەسوول: لەسەر ئەرکی داهاتووی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە قۆناغی نوێ

یەحیا ڕەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق
یەحیا ڕەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق

 

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ: لێژنە هاوبەشەکانی دیاریکردنی ئەرک و ڕۆڵی نوێی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق گەیشتوونەیە قۆناغێکی نوێی دانووستانەکان، ئەویش بابەتی گۆڕین و گواستنەوەی ئەرکی هاوپەیمانانە لە داهاتوودا.

یەحیا ڕەسووڵ بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازییان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا مامەڵە لەگەڵ واشنتن دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، تا ڕادەیەکی باش توانیویانە سەرکەوتووبن لە دانانی سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ڕاوێژکارە بیانییەکان لە عێراق. دەشڵێت: ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی عێراق لە دوای هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە جورف و سەخر ڕوون و ئاشکرایە، ئەو ڕاستیانە دەردەخات چی کراوە و چی ڕوویداوە.

شەوی سێشەممە 30ـی تەممووزی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی عێراقیان لە ناوچەی جورف و سەخری پارێزگای بابل بۆمبارانکرد، دوای هێرشەکە، یەحیا ڕەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو سەرپێچییە مەترسیدار و حیساب بۆ نەکردنانە، تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵ و میکانیزم و کاری هاوبەشی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تێکدەدات.

هەروەها ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24 ڕاگەیاندبوو، هێرشەکە لەپێناو لە ناوبردنی چەند هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراوبووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.