بەنگلادیش؛ دەیان کەس کوژران، حکوومەتیش هێڵی ئینتەرنێتی پچڕاند و قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند

بەنگلادیش
بەنگلادیش

لە خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش شەڕ و پێکدادان ڕووی دا.  پۆلیس گازی فرمێسک ڕێژ و گوللـەی پلاستیکی بۆ بڵاوەپێکردنی دەیان هەزار خۆپیشاندەر بەکارهێنا، لە ئەنجامدا لانیکەم 91 کەس کوژران و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە پێکدادانەکاندا لانیکەم 13 پۆلیس کوژران، کە ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە مێژووی بەنگلادیش کە لە یەک ڕۆژدا تۆمار کرابێت. لە 19ـی تەممووزی ئەمساڵەوە تا ئێستە 67 پۆلیس گیانیان سپاردووە.

حکوومەتی بەنگلادیش قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاندووە، ئەمەش یەکەمجارە حکوومەت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت لەوەتەی خۆپیشاندانەکان دەستیان پێ کردووە. هەروەها لە ئەمڕۆ دووشەممەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پشووی فەرمی دەبێت لەو وڵاتە.

دوێنێ یەکشەممە خۆپیشاندەران، ڕێگە سەرەکییەکانیان داخست. فشارەکان وایان کرد حکوومەت خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ببڕێت. ئێستە خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران، شێخە حەسینە دەکەن.

بیجۆی بۆساک، بەرپرسی پۆلیس ڕایگەیاند، لە قەزای سیراجانج لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو شارە 13 پۆلیس لێیان دراوە و گیانیان سپاردووە، هەروەها لەو ناوچەیەی ئاگر لە ماڵی دوو جێگرەکەی بەردراوە نۆ کەسی دیکە مردوون.

پۆلیس و شایەتحاڵەکانیش ڕایانگەیاندووە، لانیکەم 11 کەس کوژراون کە دوو قوتابی و بەرپرسێکی باڵای پارتی دەسەڵاتدار بوون و دەیان کەسیش بەهۆی پێکدادانەکان، لە چەند شوێنێکی دەکای پایتەخت بریندار بوون.

شێخ حەسینە، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی سوپا و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە گوتی: ئەوانەی ئێستا لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن، قوتابی نین، بەڵکو تیرۆریستانن کە دەیانەوێت وڵات ناسەقامگیر بکەن.

گوتیشی: داوا لە هاووڵاتیان دەکەم بە توندی ئەم تیرۆریستانە سەرکوت بکەن.

خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بنکەکانی پۆلیس و بەشێک لە بارەگاکانی پارتی دەسەڵاتدار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە توندوتیژیی لە سەرانسەری وڵاتدا دروستبوو.

وەزارەتی دەرەوەی هیندستانیش داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد گەشت بۆ بەنگلادیش نەکەن.

خۆپیشاندانی قوتابیان، لە 19ـی تەمموزی 2024، بەهۆی بەرزیی ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجان و دژی سیستەمی پشکی دامەزراندن لەکەرتی حکوومەتیدا، دەستی پێ کرد.