قایمقامی قوشتەپە: پاڵاوگەکان مۆڵەتی 10 ڕۆژیان هەیە بۆ جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکان

بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە
بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە

قایمقامی قوشتەپە ڕایگەیاند، ئەو پاڵاوگانەی کە یاسایین و مۆڵەتییان هەیە، ماوەی 10 ڕۆژیان هەیە بۆ لابردن و چارەکردنی هەموو ئەو کەموکوڕییانەی کە هەیانە، ئەوانەشی نایاسایین هەر ئەمڕۆ دادەخرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی ئابی 2024، بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە لە مانگی ڕابردوودا سێ پاڵاوگەمان داخست، ئەوە هەموو مێدیاکنیش ڕاگەیەنرا. بەڵام دوای ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ کە لە هەولێر کرا بۆ دەستپێکردنی ئەو هەڵمەتە فروانە بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانەی کە مەرجەکانیان تێدا نییە.

قایمقام دەڵێت: هەڵمەتەکە کە دوێنی شەو بڕیاری لەسەر درا بۆ جێبەجێ کردنی حەوت خاڵە. ئێمە ئەمڕۆ لیژنەیەکی فراوانمان پێک هێناوە لە ژینگەی هەولێر و تەندروستی دەوروبەر، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان لە سنووری قایمقامیەتی شارۆچکەی قوشتەپە، بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی سەرجەم ئەو پاڵاوگانەی دەکەین.

بژار مەلا خدر، دەشڵێت: ئەو پاڵاوگانەی کە یاسایین و مۆڵەتییان هەیە، ماوەی 10 ڕۆژییان هەیە بۆ لابردن و چارەکردنی هەموو ئەو کەموکوڕییانەی کە هەیانە. ئەوانەشی نایاسایین هەر ئەمڕۆ دادەخرێن.
بۆ نموونە ئەم کارگەیە، کارگەی قیری شلە، مۆڵەتییان هەیە، زۆربەی ڕێنماییەکانیان جێبەجێ کردووە، بەڵام لە کاتژمیر 12وە پێمان ڕاگەیاندوون کارەکانیان ڕابگرن تاکو سەرجەم ڕێنماییەکانی دیکە جێبەجێ دەکەن. دوای تەواو بوونی جێبەجێ کردنی سەرجەم ڕێنماییەکان ڕێگەیان پێدەدەین دەست بکەنەوە بە کارەکانیان.

ڕاشیگەیاند، مەرجە یاساییەکان پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سەروشتییەکان، دەستەی ژینگەی هەرێم و وەزارەتی تەندروستییەوە هەیە، ئەوان بە ئێمە ڕادەگەیەنن ئەگەر ئەو چەند مەرجەی دیاری کراوە لە پاڵاوگەکاندا نەبێت یەکسەر دابخرێن، هەتا ئەگەر مۆڵەتیشیان هەبێت.

سەبارەت بەو گازەی لە پاڵاوگەکە دەردەچێت قایمقام گوتی، ئەو پاڵاوگەیەی گازەکەی تێدا دەردەچێت و فلتەری تێیدا نییە، واتە یەکێک لەو مەرجانەی تێدا نییە و یەکسەر دادەخرێت.

دوێنێ یەکشەممە، 4ـی ئابی 2024، لە پێناو  پاراستنی ژینگەی هەولێر پارێزگای هەولێر حەوت خاڵی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان داخستنی پاڵاوگەی نایاساییەکانە کە لە ماوەی ڕابردوو جێگەی نیگەرانی هاوڵاتییان و ژینگە دۆستان بوو، بەوپێیەی ئەم پاڵاوگە نایاساییانە هۆیەکی سەرەکین بۆ پیس بوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی دوکەڵ و بۆنێکی ناخۆش بە ئاسمانی شاری هەولێردا.

پارێزگاری هەولێر داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری شارەکە ڕاگەیاند و ئیدی لەمەدوا ئەو گاز و دووکەڵ و پاشماوە پیسانەی لە پاڵاوگەکان دەردەچن بە ئاسمانی شارەكەدا بڵاونابنەوە. ئەمەش دوای ئەوەی پاڵاوگەکان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی پیسکردنی ژینگەی هەولێر. ئەم بڕیارانەی پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی ڕاسپاردە و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی ژینگە.