کۆریای باکوور زیاتر لە 200 مووشەکی جۆری نوێی ڕەوانەی سەر سنوور کرد

مووشەکەکانی کۆریای باکوور
مووشەکەکانی کۆریای باکوور

ئەمڕۆ دووشەممە، کۆریای باکوور ڕایگەیاند، 250 مووشەکی جۆری نوێی بۆ هێزەکانی گواستۆتەوە سەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ کۆریای باشوور.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور بڵاوی کردەوە "مەراسیمێک بۆ گواستنەوەی 250 مووشەکی تەکتیکیی جۆری نوێ بۆ هێزە سەربازییەکانی سەر سنوور لە شاری پیۆنگیانگ، بە سەرپەرشتی کیم بەڕێوەچوو.

کیم، لە کاتی مەراسیمەکەدا گوتی: ئەم ئامێرانە "چەکی هێرشبەری تاکتیکی مۆدێرنکراون"، جەختیشی لەوە کردەوە " کە خۆی دیزانی مووشەکەکانی کردووە".

هان کوون هی، لە کۆمەڵەی کۆریا بۆ لێکۆڵینەوە لە پیشەسازیی بەرگری، ڕایگەیاند: ئەمە یەکەم جارە پیۆنگ یانگ بە ئاشکرا ژمارەی ئەو چەکانەی کە بۆ هێزەکانی سەر سنوور ناردووە، ڕادەگەیەنێت.

هان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: هەر سەکۆیەک دەتوانێت چوار مووشەک هەڵبگرێت.

پێشتر کیم، ڕەخنەی لە ڕاپۆرتە مێدیاییەکانی کۆریای باشوور گرت کە ژمارەی کوژراو و بزربووەکانی بە نزیکەی 1500 کەس خەمڵاندبوو، ئەمەشی بە هەڵمەتێکی درۆینە و شێواندنی وێنەی کۆریای باکوور زانی. گوتیشی: هیچ کەسێک نەمردووە و پێنج هەزار کەسیش داڵدە دراون.

سەرۆکی کۆریای باکوور، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا "بەهۆی گۆڕانکارییەکانی هاوپەیمانییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە پشت بە چەکی ئەتۆمی دەبەستن، گۆڕانکاری گەورە لە ستراتیجیەتی وڵاتدا کراوە".

هۆنگ مین، توێژەر لە پەیمانگای کۆریا بۆ یەکگرتنی نیشتمانی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: پێدەچێت پیۆنگ یانگ ڕێکخستنی ئاهەنگێکی لەو شێوەیەی بە پەیامێکی کاریگەر بۆ ئەمەریکا دانابێت.

لە 9ـی حوزەیران کۆریای باشوور دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی بە بڵندگۆی دەنگیی بەدرێژایی سنوورەکانی ڕاگەیاند، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی کۆریا لە نێوان ساڵانی 1950 بۆ 1953. کە کۆریای باکوور لە ساڵانی شەستەکانەوە پەنای بۆ ئەم کارە بردووە.

ئەم هەڵمەتە پیۆنگ یانگ توڕە دەکات کە پێشتر هەڕەشەی کردبوو بڵند گۆکان بە مووشەک دەپێکێت.

کۆریای باکوور، چەند مانگێکە باڵۆنی پڕ لە زبڵ بەرەو باشوور دەنێرێت و پیۆنگ یانگ دەشڵێت: ئەمە وەڵامێکە بۆ چالاکوانانی کۆریای باشوور کە باڵۆنئ پڕ لە پەیامی پڕوپاگەندەیی دژی ئەوان دەنێرن