بلینکن گرووپی حەوت لە هێرشی ئێران ئاگادار دەکاتەوە

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

 پێگەی هەواڵی ئاکسیۆس بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوتی ئاگادار کردۆتەوە کە هێرشی ئێران و حزبوڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل لەم هەفتە دەست پێ دەکات.

بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە کراوە، ئەنتۆنی بلینکن، هاوتاکانی لە گرووپی حەوت ئاگادار کردووەتەوە کە ڕەنگە هێرشی ئێران و حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە دەست پێ بکات.

سەرچاوەکان ڕاگەیاندووە، کە بلینکن دەڵێ، ئەمەریکا پێی وایە ئێران و حزبوڵا تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە تۆڵەسەندنەوەکە چ فۆرمێک دەگرێتەبەر.

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بلینکن ڕوونی کردووەتەوە، ئەمەریکا کاتی ئەو هێرشە نازانێت کە ئەگەری هەیە، بەڵام دووپاتی کردووەتەوە، ڕەنگە لە ماوەی 24-48 کاتژمێری داهاتوو دەست پێ بکات.

بلینکن وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوتی ئاگادارکردووەتەوە کە زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا "مەبەستی تەنیا بەرگرییە".

پێشتر پنتاگۆن ڕایگەیاندبوو "لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکا هێز لە ناوچەکەدا جێگیر دەکات، گرووپێکی نوێی کەشتی فڕۆکەهەڵگر دەنێرێت بۆ ناوچەکە و بەرگری مووشەکیی زیاتر بڵاو دەکاتەوە".

ئەمجارە واشنتۆن ترسی ئەوەی هەیە ئێران پێش هێرشی چاوەڕوانکراو بۆ سەر ئیسرائیل وەک تۆڵەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە هۆشداریی نەدات و هاوپەیمانی ناوچەکە نەتوانێت سەرکەوتنەکانی مانگی نیسانی ڕابردوو دووبارە بکەنەوە.

جەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکی هەستیاردا گەیشتە ناوچەکە، کە ئەمەریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران ئامادە دەکەن.