چین داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات گەشت بۆ لوبنان نەکەن

چین داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات گەشت بۆ لوبنان نەکەن بەهۆی مەترسی ئەو دۆخە ئالۆز و ئەمنییەی ئێستە هەیە.

باڵیۆزخانەی چین لە بەیروت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە تایبەتەی ئێستە، ئەو هاووڵاتییە چینیانەی کە گەشت دەکەن بۆ لوبنان، لەوانەیە ڕووبەڕووی مەترسیی ئەمنیی ببنەوە و دەستییان نەگاتە بە هاوکاری باڵیۆزخانەکەوە.

لە بەیاننامەکەیدا، پەکین داوای لە هاووڵاتییانی چینی لە لوبنان کرد، وریایییەکی ئەوتۆیان هەبێت، ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان بەهێزتر بکەن و خۆیان بۆ بارودۆخە نائاساییەکان ئامادە بکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەند وڵاتێک داوایان لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان کردووە لوبنان بەجێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسی هێرشی مووشەکی و سەربازی لە ناوچەکەدا هەیە.

سوید، ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور، ئوردن، سعودیە، سەڵتەنەتی عومان و تورکیا داوایان لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان کرد، بە زووترین کات لوبنان بەجێبهێڵن.

هەروەها زۆرێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ بەیروت و تەلئەڤیڤ هەڵدەوەشێننەوە لە پێشبینی هێرشەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئیسرائیل، کە بەڵێنیان داوە زنجیرەیەک هێرش بکەن لە وەڵامی کوشتنی سەرکردەکانییان.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 30ـی تەممووز، کوژرانی فوئاد شوکر، سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانی ڕاگەیاند.

کوژرانی ئەو دووانە، "هەنییە و شکور" ترسێکی گەورەی لە هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی خستووتەوە.