سێنتکۆم: کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سێنتکۆم: فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە ناوچەکە دەىێت

کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت
کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ئەرک و تایبەتمەندییەکی دەبێت.

سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووتەوە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت گەیشتە ڕیزی کۆمەڵەی پێنجەم کەشیگەلی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری دەبێت لە ناوچەکانی کەنداو، دەریای سوور، کەنداوی عومان و بەشێک لە ئۆقیانووسی هندی.

هەروەها چەندین مەبەستی سەرەکی جێبەجێ دەکات، لەوانە بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، دابینکردنی پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و سەقامگیری، پەرەپێدانی توانای ئۆپراسیۆنەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، ئاسانکاریی لە مەشق و بەهێزکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگی. ئەم بڵاوبوونەوەیە ڕێگە بە مانۆری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشە ناوچەییەکان دەدات و توانای کارکردنی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکان بەهێز دەکات.

سێنتکۆم ڕاشیگەیاندووە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕۆزڤێڵت، جیا لەوەی توانای هەڵگرتنی چەند جۆرێک فڕۆکەی جەنگی هەیە، دەتوانێت ئاسایشی ئاسمانی و دەریایی بپارێزێت و سیستمێکی پێشکەوتووشی هەیە لە جەنگی ئەلیکترۆنیی و لە بۆ کاری سیخوڕی لە ناوچە وشکانییەکانیش یەکەی تایبەتی هەیە.

لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و فواد شکور، سەرکردەی حزبوڵا لە بەیرووت، ئەمەریکا بڕیاری 12 کەشی جەنگیی و چوار هەزار سەربازی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بکاتەوە.

بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردووەتەوە، کەشتییە جەنگییەکان لە کەنداو و ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست لەنگەر دەگرن لە نێویاندا کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت هەیە.

لەنگەر گرتنی کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (سی چی ئێن 71) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست