کەرکووک.. لە کۆی 671 پۆلیسی دامەزراو تەنیا 31 یان کورد و 27 تورکمانن

حکوومەتی عێراق زیاتر لە 671 کەسی وەکو پۆلیس لە کەرکووک دامەزراندووە کە زۆرینەیان عەرەبن، لەکاتێکدا زۆرینەی دانیشتووانی ئەو شارە کوردن، بەڵام لە کۆی ئەوانەی دامەزراون، تەنیا  31 کورد و 27 تورکمانن.

حوسێن عەلی، کە لە نەتەوەی عەرەبە و تازە دامەزراوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وەزارتی کاروکارباری کۆمەڵایەتی ناوەکانی ئێمەی خستووەتە سەر وەزارەتی ناوخۆ، ئێمەش بەڵگەنامەکانمان ڕادەست کرد و تەواو بووین".

سەیف سەعد، ئەویش تازە دامەزراوە و دەڵێت "وەزارەتی ناوخۆ ناوەکانمانی بڵاو کردەوە، ئێمەش هاتووین پشکنینەکانمان تەواوکرد،سوپاس بۆ خوا هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبوو".

دامەزراندنەکە ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی سوودمەند بوونە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێژەی نەتەوەیی و تایبەتمەندیی شارەکە نزیکەی لە 90%ـی بۆ نەتەوەی عەرەب تەرخان کردووە.

جاسم فازڵ، بەرپرسی ناوچەی هێزەکانی ناوخۆ گوتی: ئامانجەکە ڕوونە، لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبنەوە، لە دامەزراندنی پۆلیسی گرێبەست هەمان کێشەمان هەبوو، هەروەها لەدامەزراندنی سێ وەجبەی دیکەی پۆلیسی گرێبەست توشی ئەو کێشەیە بووینەوە، بەڵام هەوڵێکی زۆرمان لەڕێگەی نوێنەرەکانمانەوە لەبەغدا دا، توانیمان پارسەنگێک ڕابگرین، بەڵام ئەم جارە ڕێژەی عەرەب زۆر زیاترە لەو دامەزراندنەدا، کە ئەوەش ئاشکرایە تەعریبێکی دیکەیە، چونکە هەرجارە و بەشێوەیەک ئەو شارە تەعریب دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی شارەکە کوردن، بەڵام وەکو کەمینە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە خزمەتگوزارییەکانیش بێبەش کراون.

یەکێک لە ڕێگاکانی تەعریب کە لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە بەتایبەت پەیڕەو دەکرێت کۆنترۆڵکردنی دامودەزگا حکومییەکانی کەرکووکە لەڕێگەی دامەزراندەوە، ئەم هەنگاوەش بەگوتەی بەرپرسانی کوردیش، بە ئامانجی تەعریبکردنی شارەکەیە.